ئێران دژایەتی لەگەڵ دیاریکردنی پێوەرە جیهانییەکانی مافی ژنان و منداڵانی کرد

15:23 - 16 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئێران هاوڕێ لەگەڵ واتیکان و چەندین گرووپی دیکەی مەزهەبی بەربەستیان بۆ دیاریکردنی پێوەرە جیهانییەکانی مافەکانی ژنان و منداڵان لە کۆنفڕانسی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دروست کرد.

بەیاننامەی کۆتایی ٥٧مین دانیشتنی \"پێگەی ژن\" کە لە بنکەی سەرەکیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، لەگەڵ دژایەتیی وڵاتانی ئێران، رووسیە و واتیکان بەرەوڕوو بوویەوە.

هەواڵدەریی فەڕانسە بڵاوی کردەوە، ئەو وڵاتانە هاوڕێ لەگەڵ گرووپە مەزهەبییە تونداژۆکان دژایەتیی خۆیان لەگەڵ نووسینی \"مەزهەب و نەریت نابێ ببێتە بیانوویەک بۆ چەوساندنەوەی هاووڵاتییان بە دەستی حکوومەت\"، راگەیاندووە.

لەو کۆنفڕانسەدا کە رۆژی دووشەممەی ئەم حەفتەیە لە شاری نیۆیۆرک بەڕێوەچوو، زیاتر لە ٦ هەزار گرووپ و رێکخراوی ناحکوومی بەشدار بوون.

ئامانجی سەرەکیی ئەو کۆنفڕانسە، هەوڵدان بۆ دیاریکردنی کۆمەڵێک یاسا و پێوەری نێودەوڵەتی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تووندوتیژی دژبە ژنان و منداڵان بووە.

دژایەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەو بەیاننامەیە لە کاتێک دایە کە ئەحمەد شەهید لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا باسی لە هەڵاواردن لەلایەن حکوومەتەوە دژبە ژنانی ئێرانیی کردووە.

\"توندوتیژی نێو بنەماڵە، توندوتیژی دژبە منداڵان و ژنان و بێکاریی ژنان\" وەک سەرەکیترین خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێران دێنە ئەژمار و راستەوخۆ مافی ژنان و منداڵان پێشێل دەکات و شیرازەی کۆمەڵگە بەرەو لێکترازان دەبات.