یەکەمین خانەی وەرگێڕان تایبەت بە زمانی کوردی لە شاری سنە دامەزرا+وتووێژ

15:26 - 13 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە راستای پەرەپێدان بە بواری زانستیی زمانی کوردی، یەکەمین خانەی وەرگێران تایبەت بە زمانی کوردی وەکوو زمانی سەرەکی لە ژێر ناوی \"خانەی وەرگێرانی هۆژین\"، لە شاری سنە دامەزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ خانەی وەرگێڕانی هۆژین(فێربوون) لەشاری سنە، بە بەرپرسایەتیی کەماڵ تاهیرنژاد چالاکی فەرهەنگیی کورد، لەلایەن ئیدارەی تۆمار کردنی بەڵگە فەرمییەکان و ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادەوە مۆڵەتی فەرمیی کارکردنی پێدرا.

کەماڵ تاهیرنژاد بەرپرسی \"خانەی وەرگێڕانی هۆژین\" لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بە مەبەستی دەوڵەمەند کردنی کتێبخانەی کوردی و هەروەها پێکهێنانی مەکۆیەک بۆ ئەو کەسانەی کە ماوەی چەندین ساڵە لە بواری وەرگێڕاندا کار دەکەن، ئەم خانەی وەرگێڕانەمان دامەزراند.

\"18584.jpg\"
کەماڵ تاهیرنژاد بەرپرسی \"خانەی وەرگێڕانی هۆژین\"
ئەو ئەندامەی بەڕێوەبەریی ئەنجەمەنی مەولەویی کورد لە شاری سنە گوتیشی؛ ئەگەر بودجەیەک وەربگرین یان پشتیوانییەکی ماڵی و ئابووریمان هەبێت، دەتوانین کاری بەرچاو نە تەنیا لە ئاستی ئێران، بەڵکوو لە ئاستی جیهاندا ئەنجام بدەین و خزمەتێکی هەرچەند بچووک، بەڵام گرینگ بە گەلەکەمان و کتێبخانەی کوردی بکەین.

ئەو بەرپرسەی خانەی وەرگیڕانی هۆژین ئەوەشی رایگەیاند؛ بەپێی ئیمکان ئەو بەرهەمە کوردییەکان وەردەگێڕینە سەر زمانەکانی دیکە و بەپێچەوانەش کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەش دەکەینە زمانی کوردی، بەڵام تێپەڕبوونی کات دەبێ دیاری بکات، کە ئێمە هەتا چەندە لەم بوارەدا سەرکەوتنمان بەدەست هێناوە.

سەبارەت بە دەست ئاوەڵایی خانەی وەرگێڕانی هۆژین گوتی؛ لە هەموو شوێن و وڵاتێکدا چوارچێوەیەکی دیاریکراو هەیەو رەنگە کەس لەوێدا نەتوانێ هێڵە سوورەکان ببەزێنیت، بۆیە ئێمەش بەپێی توانای خۆمان هەوڵ ئەدەین کاریک بکەین کە هەتا ئیستا نەکراوەو ئەگەریش کراوە، لاواز بووە.

تاهیرنژاد سەبارەت بەوەی کە زیاتر گرینگی بە چ بابەتێک ئەدەن، رایاگەیاند؛ بە داخەوە زمانی کوردی هەتا ئێستا زمانێکی زانستی نییە، ئەوەش بەو مانایە نییە کە زمانی کوردی توانایی ئەوەی تێدا نییە، بەڵام هەتا ئێستا کاری بۆ نەکراوە، بۆیە ئێمە هەوڵمان ئەوەیە زیاتر کاری زانستی بکەین و گرینگی بەم بوارە بدەین.

کەماڵ تاهیرنژاد بەرپرسی خانەی هوژین و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی مەولەویی کورد لە شاری سنە، داوا لە هەموو وەرگێڕ و ئەدیبانی کورد دەکات، کە بە ناردنی پێشنیار، هاوکارییان بکەن.