ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری شاباد چەند هاووڵاتیی دەسبەسەر کرد

14:22 - 28 پووشپەڕ 2720

ماڵپەڕی "مێرساد نیوز" نزیک لە سپای پاسداران، لە زاری دادستێنی شاباد بڵاوی کردەوە کە چەند کەس لە وەڕێخەرانی (لیدر) بانگەشە بۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەو شارە لەلایەن هێزی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون.

بە وتەی "سەجاد مەلایری": "ئەو چەند کەسە لە شاری شاباد هەوڵی بانگەشە بۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان داوە و خەریکی کاری ئاژاوەگێڕی بوون کە پێش لە ئەنجامدانی کارەکانیان دەسبەسەر کراون و هێندێکیان بانگهێشت کراون".

لەو پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەتییەکان لاوێکی کوردیان بە ناوی "موجتەبا بەساتی" خەڵکی شاری شاباد، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە لاپەڕەی ئینیستاگرامیی خۆیدا کە ڕەخنەی لە بارودۆخی هەنووکەیی ئابووریی وڵات گرتبوو، هەروەها بە حوکمی سێ لاوی ناڕازی لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو، دەسبەسەر کردبوو.