گیان لەدەست دانی یەکێک لە کرێکارانی کانگەی زێڕی تیکاب

16:35 - 22 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی کانگەی زێڕی \"ئاغدەڕە\"ی تیکاب بەهۆی کەمتەرخەمیی خاوەنکار و خراپیی کەلوپەلی ئەو کانگەیە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە ٢١ی گەلاوێژ لە ئەنجامی وەرگەڕانی ماشێنێکی بارهەڵگر، یەکێک لە کرێکارانی کوردی کانگەی زێڕی ئاغدەڕەی تیکاب بەناوی \" مەولوود شوعاعی\" کوری ئەحمەد گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، ئەو کرێکارە کوردە خەڵکی گوندی \"ئەحمەداوای خواروو\"ی سەربە شاری تیکاب بووە کە بەهۆی خراپیی ماشێنی بارهەڵگری کانگەی زێری \"ئاغدەڕە\"ی ئەو شارە، تووشی وەرگەڕان بووەو گیانی لەدەست داوە.

خراپیی کەلوپەل و ماشێنەکانی کانگەی زێڕی ئاغدەرە لە کاتێک دایە کە ئەو کانگەیە بە گەورەتریین کانگەی دەرهێنانی زێڕ لە وڵاتی ئیراندا دێتە ئەژمار و ساڵانە ٤٠٠٠ کیلۆ تەڵای \"٢٤ عەیار\"ی لێ بەرهەم دەهێنرێت.
هەنووکە ٦٠٠ کرێکار لە کانگەی ئاغدەڕەی شاری \"تیکاب\"دا سەرقاڵی کار کردنن و لە کاتێکدا داهاتی ئەو کانگەیە ساڵانە لە ١٤٠ میلیارد تمەن زیاترە، کرێکارانی ئەو کانگەیە لە کڵاو، پۆتین و ماسک بێبەرین و لە بەشی \"سۆڵەی سیانوور\"ی ئەو کانگەیەدا بەهۆی گازی سیانوورەوە بەردەوام هەڕەشەی ژەهەراوی بوونیان لەسەرە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ساڵی ١٣٨٨ چەندین کەس لە کرێکارانی ئەو کانگەیە بەهۆی گازی \"سیانوور\"ەوە ژەهراوی بوون و لە ئەنجامدا کەسێکیان بەناوی \"سەجاد قەنبەری\" تەمەن ٢٨ ساڵ گیانی لەدەست دا.

بەوتەی یەکێک لە کریکارانی ئەو کانگیە، کرێکاران بەردەوام لەمەڕ ئەو مەسەلەیە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام لەلایەن \"ئیدارەی بێهداشت، ئوستاندار و سپا\"وە هیچ وەڵامێکیتان پێ نەدراوەتەوە.

ئەو کڕێکارە راشیگەیاندووە، کە زێڕی ئەو کانگەیە بەبیانووی ئەمنییەتی بوونی ناوچە کوردنشینەکان، لەم ناوچانە ناکرێن بە \"شمشی زێڕ\"، بەڵکوو سەرجەم بەردەکانی ئەو کانگەیە بۆ شارەکانی \"کرمان\" و \"ئیسفەهان\" دەگوازرێنەوە.

کانگەی زێڕی ئاغدەرە\"گەورەترین کانگەی زێڕی رۆژهەڵاتی ناڤین\" لە ٣٠ کیلۆمیتریی شاری تیکاب هەڵکەوتووە، ساڵی ١٣٨٣ بە فەرمی چالاک بووە.