گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت بۆ سەر بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی لە شنۆ

19:10 - 7 پووشپەڕ 2720

حەوتووی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی "محەممەد قەسیم فیوزی" بۆ واژۆکردنی نامەیەکی لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە، بە مەبەستی دەسبەسەرداگرتنی خانووەکەیان کە لە موزایدەی کوڕەکەیاندایە.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بە هەڕەشەکردن گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی "عەبدولمەناف فیوزی" و "ڕەشید فەزڵی"، بۆ واژۆی نامەی موزایدەی خانووەکەیان بە مەبەستی دەسبەسەرداگرتنی.

"محەممەد قەسیم فیوزی" لە ڕێکەوتی سەرماوەزی ساڵی ٩٣، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری شنۆوە دەسبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعات ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکردنی، بۆ ماوەی ٥ مانگ لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بووە و ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ساڵی ٩٤، ڕەوانەی ئیتلاعاتی زیندانی ئێڤین کراوە و پاش مانگێک، ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی هەمان ساڵ، لە ئیتلاعاتی ئێڤین، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ کراوە و بۆ ماوەی دوو مانگ لە زیندانی ورمێدا بووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕێكەوتی ١٤ی گەلاوێژی ساڵی ٩٤ بە دانانی سەنەدی دوو خانوو بە بڕی ٢٠٠ ملیۆن تمەن، هەتا کاتی دادگاییەکی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.