گرانی و بارودۆخی خراپی ئابووری، نیگەرانیی هاووڵاتییانی ورمێی لێکەوتەووەتەوە

12:51 - 3 خەرمانان 2720

بارودۆخی نالەباری ئابووری و بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی شتومەکەکان لە پارێزگای ورمێ، نیگەرانیی چین و توێژەکانی خەڵکی ئەو پارێزگایەی بەدواوە بووە.

هەواڵدەریی "ئیلنا" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک لە بازاڕ، یەکێک لەو کێشانەیە کە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەگەڵی بەرەڕوون و ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی حکوومەتی چەند جار لە وتووێژەکانیاندا، باسیان لەوە کردووە کە هیچ جۆرە کەمبوونەوەی شتومەک لە بازاڕەکاندا نییە و هاووڵاتییان نابێ نیگەران بن.

بە وتەی هاووڵاتییان، نرخی شتومەکە بنەڕەتییەکان بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و نرخی شتومەکەکان جیاواز لەگەڵ نرخی نووسراوەی دووکانەکانە.

هاووڵاتییەک دەڵێت: "کاتێک بە نرخی شتومەکەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕی، فرۆشیارەکە گەمارۆکان دەکاتە بیانوو و ئەوەی جێی سەرسووڕمانە بۆچی گەمارۆکان کاریگەری لەسەر شتومەکە نێوخۆییەکان داناوە".

لەوبارەیەوە، ژنە هاووڵاتییەک دەڵێت: "نرخی شتومەکەکان بەردەوام بەرز دەبێتەوە و لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە چاوەدێری ناکرێت و تەنانەت چەندین جار لە ڕێگای تەلەفۆن و تۆمارکردنی سکاڵا، هیچ پێڕاگەیشتن و وڵامێکیان بە سکاڵاکانمان نەداوەتەوە".

هاووڵاتییەکی دیکە لەوبارەیە دەڵێت: "پێش لە نەورۆز نرخی هەر فەردە برنجی هیندی لەنێوان ٦٠ بۆ ٨٠ هەزار تمەن بووە، هەنووکە ئەو نرخە بۆ ١٨٠ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە و توانای کڕینمان نەماوە".

لەلایەکی دیکەوە، کرێکارێک باس لەوە دەکات: "لە نەورۆزەوە توانای کڕینی گوشتم نییە بۆ ماڵەوە و بە جێگای گۆشت سیکەتۆرەم کڕیوە و داهات و دەرکەوتی ئێمە لەگەڵ نرخی شتومەکەکان نایەتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سفرەی کرێکاران بچووکتر دەبێتەوە".

گرانبوونی نرخی شتومەکەکان لە کاتێکدایە کە هەر ڕۆژە خەڵکی ئێران شایەدی گرانی و چوونە سەرەوەی نرخی کەلوپەلەکانی ژیانن و بەرپرسانی حکوومەتی بە جێگای چاوەدیری و کۆنترۆڵکردنی نرخی شتومەک لە بازاڕەکاندا، گەمارۆکانی سەر ئێران دەکەنە بیانوو.