کەمیی مادە خۆراکییەکان لە کوردستانی ئێران / نرخی هەر کیلۆیەک گۆشتی سوور ٣٠ هەزار تمەن

19:20 - 25 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: لە شارەکانی کوردستانی ئێران، هاووڵاتییان بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی رۆژانەی خۆیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوڕووی گرفت بوونەتەوە.

بەپێێ ئەو راپۆرتانەی کە لە شارەکانی ورمێ و سەقزەوە بۆ هەواڵدەریی کورپا گەیشتوون،کەمیی مادە خۆراکییەکان لە فرۆشگەکان گەیشتۆتە ئاستێکی قەیاراناوی و هاووڵاتییانی بەرەوڕووی کێشە کردۆتەوە.

لە شاری سەقز مانگرتنی قەسابەکان بۆتە هۆکاری چوونە سەرێی نرخی گۆشت بە شێوەیەک که هەنووکە نرخی هەر کیلۆ گۆشتی سوور بە ٣٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت.

\"10720.jpg\"
سەرچاوەیەک لە شاری سەقزەوە بە هەواڵنێری کورپای راگەیاند، کە هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکان کۆمەڵێک لە قەسابەکانیان ناچار کردووە کە دەرکەی دووکانەکانیان بکەنەوە و هەندێک قەسابخانەی دیکەش لەلایەن ئەو هێزانەوە بەروەڕووی داخران بوونەتەوە.

لە ئێستادا هاووڵاتییانی شاری سەقز بۆ دابین کردنی کۆمەڵێک مادەی خۆراکیی وەک: برنج، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک بەرەوڕووی گرفت بوونەتەوە.

بەپێی هەواڵی هەندێک لە سەرچاوەی نێوخۆیی وڵاتی ئێران، نرخی هەر کیسەیەک برنجی ١٠ کیلۆیی لە شارەکانی سنە، کرماشان، مەریوان و کامیاران بە زیاتر لە ٥٠ هەزار تمەن لە بازاڕەکان دەفرۆشرێت.

لە ماوەی حەفتەکانی رابردوودا قەسابەکانی پاوە و روانسەر بە هۆی وەڵام نەدانەوەی ناوەندە پەیوەندیدارەکان لەمەڕ دیاری کردنی نرخی گۆشت، دەستیان دابووە مانگرتن.

هەروەها لە شاری ورمێ گرانیی پێداویستییەکان بۆتە هۆی دژواری باری گوزەرانی هاووڵاتییان و ئەم بابەتە لە ناوچەکانی \"تەرگەوەڕ و \"مەرگەوەڕ\" بەشێوەیەکی زەقتر بەرچاو دەکەوێ.

\"10719.jpg\"
لەلایەکی دیکەوە بێکاری و گرانی بۆتە هۆی ئەوە کە زۆرێک لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان روو لە هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان بکەن و هاوکات بەرەوڕووی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەبنەوە و کە لەو وەرزی زستاندا سەرما و سۆڵە هەڕەشەیەکی دیکە بۆ سەر گیانی ئەو هاووڵاتییانە دێتە ئەژمار و ساڵانە کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان بە هۆی سەرموە تووشی رەق هەڵاتن دەبن.

هەروەها حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بەستتنی خاڵە سنوورییەکان بە شێوەی فەرمی تاکە سەرچاوەی داهات و بژیوی ژیانی دانیشتوانی سەر سنووری بڕیوە و ئەوەش لە کاتێک دایە کە بڕیار بوو لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا کارتی پیلەوەری بە کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور بدرێت، بەڵام هەنووکە پاش تێپەڕ بوونی زیاتر لە ١٠ مانگ ئەو بەڵێنییە رەنگی راستی بە خۆیەوە نەدیوە وهەتا ئێستا ش بۆ پەیدا کردنی تیکەیەک نان سینگیان دەبێتە قەڵغانی فیشەک.

هەواڵدەرییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردەوە ماوەی ٣ رۆژە رێگەی خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران بۆ پیرانشار کە بەهۆی بارینی بەفرەوە بەستراوە و هەتا ئیستا لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە خاوێن نەکراوەتەوە و کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەو دیو خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە ماوەتەوە و رێگای ئاودیو بوونیان بۆ هەرێمی کوردستان لێ داخراوە و بەو هۆیەوە زیانێکی مادیی بەرچاویان بەرکەوتووە.