"کەماڵ حەسەن ڕەمەزان" بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا

18:35 - 24 جۆزەردان 2720

ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی جۆزەردان، "کەماڵ حەسەن ڕەمەزان"، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردان، لقی ٩ی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگای ئینقلابی ورمێ لە نامەیەکدا، خوازیاری ڕوونبوونەوەی بارودۆخی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم کراو بە ئێعدامە بوو.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، پاش ڕاگواستنی ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ و مەترسیی ئەگەری لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە بوو.

"کەماڵ حەسەن ڕەمەزان"، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی شاری سەریکانیی کوردستانی ڕۆژئاوایە کە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ساڵی ٩٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ورمێ دەسبەسەر کرا و پاش چوار مانگ لێکۆڵینەوە لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات لە ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٤، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان" (PKK) بە ١٠ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا و ئەم حوکمەش بەپێی یاسای "تەسلیم بە ڕەئی" (تسلیم بە رای)  بۆ ٧ ساڵ زیندان کەم کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ٨ جار بۆ گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە و بە تۆمەتی "کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران لە هاوینی ساڵی ٩٠" لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.

ناوبراو مانگی خەرمانی ساڵی ٩٦، لەلایەن بەخشی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بانگهێشت کرا و حوکمەکەیان بە فەرمی پێ ڕاگەیاند.