٢ کەسی دیکە لە بنەماڵەی حوسێن پەناهی دەستبەسەر کران

21:38 - 27 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: ٢ کەس لە نزیکانی ئەنوەر حوسێن پەناهی لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٢ برایان بە ناوەکانی \"شێرزاد و فایەق حوسێن پەناهی\" خەڵکی گوندی \"قوڕوچا\"ی سەربە شاری دێولان دەستبەسەر کرد.

هیزە ئەمنیەتییەکان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار هێرشیان کردۆتە سەر بنەماڵەی ٢ کەس لە نزیکانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی له گوندی قوڕوچا و ٢ ئەندامی ئەو بنەماڵەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار راگواستووە.

هەروەها رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو \"سیروان حوسێن پەناهی\" چالاکی فەرهەنگی و خوشکەزای ئەنوەر حوسێن پەناهی لە ماڵی باوکی لە گوندی \"قوڕوچا\"ی سەربە شاری دێولان دەستبەسەر کرابوو.

ئەنوەر حوسێن پەناهی ماوەی ١٦ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە و هەنووکە لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.