کۆڵبەرێکی کورد پاش ٨ ڕۆژ خەواندن لە نەخۆشخانەی وان لە کوردستانی باکوور گیانی لەدەست دا

11:25 - 28 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی هەینی ٢٧ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "شەمزین ئەحمەدی" کوڕی "حاکم" خەڵکی گوندی "کورانـ"ـی ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، پاش ٨ ڕۆژ لە خەواندن لە نەخۆشخانەی وان لە کوردستانی باکوور، گیانی لەدەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە لە سکی و قورسیی برینەکانیەوە، لە بەشی چاوەدێریی تایبەت لە نەخۆشخانەی وان خەوێندرابوو.

ئەو کۆڵبەرە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕ، لەگەڵ دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی "حیکمەت ئەحـمەدی" کوڕی "سدیق" خەڵکی گوندی "کوران" و "ڕەوشەن جەهانگیری" کوڕی "فازڵ" خەڵکی گوندی "سین ئاوا"ی ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بەسەختی پێکرابوون.

ئەو سێ کۆڵبەرە بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندی دەرمانیی شارەکانی "گەوەڕ و وان" ڕاگوێزرابوون.

"شەمزین ئەحمەدی" برای "ئەرسەلان ئەحمەدیـ"ـیە کە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە کاتی کۆڵبەریکردن لە سنووری سۆما و برادۆستی ورمێ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لەدەست دا.