کۆڵبەرێکی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دا

19:06 - 27 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سنووریی شاری بانە، لاقێکی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارێی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەک بەناوی \" خالید محەممەد\" خەڵکی شاری سەقز کە لە خاڵی سنووریی \"سەیرانبەند\"ی بانە سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین لاقێکی پەڕیوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شارۆچکەی پێنجوێن کراوە، دواتر بەهۆی کاری بوونی برینەکانییەوە بۆ چاوەدێریی پزیشکی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سولێمانی لە هەرێمی کوردستان گوازراوەتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کۆڵبەرە تەمەنی ٣٠ ساڵ بووە کە لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەو مینە، لە ئەژنۆ بەرەوخواری لاقێکی لێ بووەتەوە.

دوایین حاڵەتی بوونە قوربانیی کۆڵبەرانی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین، بریندار بوونی \"عەبدوڵڵا چەڵەبی\" خەڵکی گوندی گوندی \"سیلوانا\"ی ناوچەی دەشتی ورمی بوو کە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ بەهۆی تەقینەوەی مینی چێدراوی سەر سنوور لاقێکی لەدەست دا.