٣ کۆڵبەری کورد بە دەستی هێزە ئینتزامییەکان کوژران

19:00 - 22 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی لە ناوچەی \"خێلە رەش\"ی بانە ٤ کۆڵبەری کوردیان بە زیندووی و بە دەست و لاق بەستراوی لە چیای \"سوور کێو\"ی بانەوە فڕێ داوەتە خوارێ و لە ئەنجامدا ٣ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ی رێبەندان دەستەیەک لە کۆڵبەرانی کورد کەوتوونەتە بۆسەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و ٤ کەسیان بەناوەکانی \"حوسێن رۆستەم‌نژاد\" تەمەن ١٦ ساڵ و کوڕی محەممەد، \"هوشیار رۆستەم‌نژاد\" تەمەن ٢٠ ساڵ و کوڕی محەممەد و \"رزگار\" کوڕی کەماڵ کەتانی لە ناوچەی خێڵەرەش و لە شوێنێک بە ناوی \"شەهابەدین\"ی بانە پاش دەستبەسەر کران، بە دەست و لاق بەستراوی لە چیای سوور کێوەوە فڕی دراونەتە خوارەوە.

\"11054.jpg\"
دواتر یەکێک لەو کۆڵبەرانە بەناوی \"عەلی مام نادر\" لە رووداوە رزگاری بووە و لەکاتی هەڵاتنیدا کەوتۆتە سەر مینە چێنراوەکان و بەو هۆیەوە لاقێکی لەدەست داوە.

ماڵپەڕی \"کوردستان میدیا\" لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، رێکەوتی ٢١ی رێبەندان تەرمی ئەو ٣ لاوە کوردەی دیکە بە دەست و لاق بەستراوی لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزراونەتەوە.

هاوکات هێزە ئینتزامییەکانی حکوومتی ئیسلامیی ئێران وێڕای کوشتنی ئەو کۆڵبەرە کوردانە، سەرجەم شتومەک و کەلوپەلی کۆڵبەرانیان زەوت کردووە.

بەوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی شەهابدین زیاتر لە ٧٠ سەر ئەسبی بارهەڵگریش لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێرانەوە بەکوشت چوون.

ئەو کۆڵبەرە کوردانە خەڵکی ناوچەی مەهاباد بوون کە بۆ پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری روویان لە سنوورەکانی نێوان شاری بانە و هەرێمی کوردستان کردبوو.