کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان - ژنێف پێشوازیی لە ڕاپۆرتی نوێی "جاوید ڕەحمان" کرد

11:54 - 15 خەرمانان 2720

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان - ژنێف، پێشوازیی لە ڕاپۆرتی نوێی "جاوید ڕەحمان"، ڕێپۆتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران لەمەڕ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، نەتەوەکانی ئێران لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، زۆرترین قوربانییان داوە.

"جاوید ڕەحمان" لەو ڕاپۆرتەدا، نیگەرانیی خۆی لە سەرکوتی ناڕازییەکانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ دەربڕیوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە حکوومەت لە گوشاری لەڕادەبەدەر بۆ سەرکوتکردنی ئازادیی بەیان و کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانە کەڵکی وەرگرتووە و ئەو ڕەوتەش درێژە دەدات.

هەروەها لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا "جاوید ڕەحمان" نیگەرانیی خۆی لەمەڕ زۆربوونی کوژرانی کۆڵبەرانی کورد دەربڕیوە و بەپشتبەستن بە ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان_ژنێف ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا، ٨٤ کۆڵبەر کوژراون و ١٩٢ کۆڵبەریش بریندار کراون، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە هەتا ٢٠١٩ زیاتر لە ١٠٠٠ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژراون و بریندار کراون.