کۆمەڵێک چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی ماکۆ حوکمی زیندانیان بۆ بڕایەوە

16:22 - 25 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک چالاکی سیاسیی کورد لە شاری ماکۆ بە تۆمەتی جۆراوجۆر بە زیندانی درێژ ماوەی ٣ مانگ هەتا ١٠ ساڵ زیندانی حوکم دراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای شۆڕشی شاری ماکۆ لە ماوەی نزیک بە ٥ مانگی رابردوو زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی کوردی ئەو شارەی بە تاوانی جۆراوجۆری وەک ئەندامەتی و پڕوپاگەندە بۆ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە زیندان مەحکووم کردووە.

بە پێێ ئەو بەڵگانەی کە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتوون، سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی \"ماکۆ و خۆی\"ـەوە دەستبەسەر کراون و دواتر لەلایەن دادگاکانی شۆڕش و پێداچوونەوەدا حوکمیان بۆ ىراوەتەوە و پاشان پژڕاست کراونەتەوە.

نوسخەیەک لە حوکمی کۆمەڵێک لەو چالاکە سیاسییانە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە کە بەم شێوەی خوارەوەیە:

رێکەوتی ٣٠ خەزەڵوەی ئەمساڵ هاووڵاتییەک بە ناوی \"حوسێن راسک قزڵباش\" تەمەن ١٨ ساڵ، کوڕی عەلی خەڵکی ناوچەی \" عەجەمی بوورالان\"ی سەربە شاری ماکۆ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردن یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ٣ مانگ و یەک رۆژ زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تاوانی بەزاندنی سنوور بە ٢ ساڵ زیندانی و هەڵپەساردنی ئەو حوکمە بە ماوەی ٢ ساڵ مەحکووم کراوە.

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی \"یاسین ئورین\" کوڕی محەمەد و خەڵکی گوندی \"تەخەلفان\"ی سەربە شاری ماکۆ رێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری ماکۆوە بە ماوەی ٩ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

هەروەها \"محەمەد ئەفەندەک\" کوڕی عوسمان تەمەن ٤١ ساڵ کوڕی عوسمان و خەڵکی شاری ماکۆ بە تۆمەتی پەیوەندی کردن بە حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رێکەوەتی٨ی رەزبەری ئەمساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەوو شارەوە بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم دراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا هاووڵاتییەکی دیکەی بە ناوی \"محەمەد ئەسڵەحە دۆست\" کوڕی حوسێن و خەڵکی گوندی \"دێم قشڵاخ\"ی سەر بە شاری ماکۆ، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حێزبێکی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئیسلامیی ئێران، رێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری \"خۆی\"ـەوە بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و هەڵپەساردنی ئەو حوکمە بە ماوەی ٣ ساڵ مەحکووم کراوە.

بەپێی ئەو حوکمە ئەو هاووڵاتییە پێویستە هەر ٤ مانگ جارێک سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکات و لێپرسینەوەی لێبکرێت.

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی \"سلێمان کازمیان\" کوڕی حوسێن و خەڵکی گوندی \"میرزا خەلیل\"ی سەر بەشاری ماکۆ رێکەوتی ١٢ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١٠ی داگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ\"وە حوکمی ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و هەڵپەسێرانی ئەو حوکمەی بۆ ماوەی ٣ سالی بۆ پژڕاست کرایەوە.