کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی \"بووعەلی\"‌ی هەمەدان بەردەوام دەبێت

19:50 - 21 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارانی زانکۆی \"ددانپزیشکیی بووعەلی\"ی هەمەدان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو زانکۆیە لەمەڕ بەدواداچوون بە مەرگی گوماناویی کچە خوێندکاری مەریوانی، لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە کە سەرلەنوێ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.

ئەردەڵان باستانی یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی بووعەلی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، \" بۆ ئەوەی خوێنی \"سەحەر چوینی\" کچە خوێندکاری هاوڕێمان بە فێرۆ نەچێت و هەروەها بۆ پشتیوانی لە دایک و باوکی ئەو هاوڕێ خوێندکارەمان، کاتژمیر ١١.٣٠ خولەکی پێشنیوەڕۆی دووشەممە ریکەوتی ٢٢ی رەزبەر، لەبەر دەم \"گوڵزاری شوهەدای گومناو\"ی شاری هەمەدان کۆدەبینەوە\".

هاوکات لەنووسراوەیەکدا کە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویان کردووەتەوە، \"ئەگەر بڵێین کە پاییزی ئەمساڵمان زستان بوو، راستمان گوتووە، ساڵی رابردوو قوتابیمان ناردە قوتابخانە، لەنێو پۆلی خوێندندا بوونە خۆڵەمێش، ئەمساڵ خوێندکارمان ناردە زانکۆ، تەرمەکەیمان وەرگرتەوە؛ بۆیە نابێ وا بەهاسانی ئەم ئەستێرەیە بکوژێتەوە و لە گێژاوی ئەم رۆژگار و ژیانەدا بەرەو تارمایی بچێت\".

سەرلە بەیانی رۆژی رابردوو زیاتر لە ١٠٠٠ کەس لە خوێندکارانی \"زانکۆی بووعەلی\"ی هەمەدان لەمەڕ کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو زانکۆیە سەبارەت بە بەدواداچوونی مەرگی گوماناویی \"سەحەر چویینی\" کچە خوێندکاری مەریوانی لە زانکۆی هەمەدان، کۆبوونەوەیەکی بەرینی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.

بەوتەی ئەردەڵان باستانی چالاکی خوێندکاری لە زانکۆی بووعەلیی هەمەدان، سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسی ئەو زانکۆیە لە شوێنی کۆبوونەوەکە ئامادە بوو، بەڵام لە وەڵامدانەوە بە داخوازیی خوێندکارانی ناڕازی خۆی بوارد.

سەحەر چووینی تەمەن ١٩ ساڵ و خوێندکاری تێرمی دووەمی رشتەی پەرستاریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شاری هەمەدان و خەڵکی شاری مەریوان بوو، کە بە شێوەیەکی گوماناوی لە خەوتنگەی زانکۆی بووعەلی لە شاری هەمەدان گیانی لەدەست دا.
\"16012.jpg\"