کچە خوێندکارێکی کرماشانی بەدەستی کەسوکاری کوژرا + وێنـــە

15:15 - 12 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: کچە خوێندکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی کوردی خەڵکی کرماشان بەدەستی کەسوکاری مەزهەبیی خۆی گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا کچە خوێندکارێکی کورد بەناوی \"دنیا میری\" بەهۆی لێدانی لەڕادە بەردەر بە دەستی کەسوکاری خۆی، تووشی خوێنڕێژیی مێشک بووە و سەرئەنجام گیانی لەدەست دا.

کەسانی نزیک لەو بنەماڵەیە رایانگەیاندووە، ئەو کچە خوێندکارە لەلایەن باوک و براکانییەوە لە ماڵەوە زیندانی کرابوو و هاوکات بە بە زەبری هەڕەشە و ڵیدان دەستیان پی لە خوێندنی زانکۆ هەڵگرتبوو.

\"13680.jpg\"
دنیا میری
هاورێیان و نزیکانی \"دنیا میری\" ئاشکرایان کردووە، کە ئەو کچە خوێندکارە چەندین جار هەوڵی خۆ رزگار کردنی لە زیندانی نێو ماڵ داوە، بەڵام هەموو جارێک لەگەڵ لێدان و توندوتیژیی بنەماڵە مەزهەبییەکەی بەرەوڕوو بۆتەوە کە دواجار رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی پووشپەڕ بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەی لەڕادەبەر تووشی خوێنڕێژیی مێشک بووەو گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەدەی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تەنیا بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە ٢ ژن و کچێکی تەمەن ٣ ساڵی دیکەی کورد لە دەرەوەی ماڵدا بەدەستی کەسانی نەناسراو گیانیان لێ ئەستێندراوە.

بەپێی ئاماری ئاژانسی کوردپا، ٣ حاڵەتی ئەو کوشتنانە لەڕێگەی سەربڕینەوە بووە.

ئەو ئامارە رێژەییەوە بە پشت بەستن بەئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.