کچێک لە شاری جوانڕۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

21:15 - 1 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: کچێک لە شاری جوانڕۆ بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارێی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣٠ رێبەندان کچێک بەناوی \"فریشتە\" لە ماڵی خۆیان ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

فریشتە تەمەنی ١٩ ساڵ و کچی \"ئەحمەد\" و دانیشتووی گەڕەکی باوەجانی شاری جوانڕۆ بووە کە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ١ مانگی رابردوودا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ١٠ ژن دەستیان داوەتە خۆ کوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٥ کەسیان لە رێگەی خۆسووتاندنەوە بووە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.