کوژرانی ٥ ئەندامی بنەماڵەیەک لە رووداوێکی هاتووچۆدا

20:22 - 1 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ٥ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەک لە روداوێکی هاتووچۆ لە جاددەی نێوان \"مەهاباد – بناو\"دا گیانیان لە دەست دا.

سەر لە ئێوارێی رۆژی یەکشەممە ٣١ی خەرمانان، بە هۆی روداوێکی هاتووچۆوە کە لە نێوان ماشێنێکی بارهەڵگر و ماشێنێکی سواریدا هاتە ئاراوە، ٥ کەس لەئەندامانی بنەماڵەیەک، دەستبەجێ گیانیان لە دەست دا.

لەم رووداوە دا ٣ ژن، پیاوێک و کوڕێکی تەمەن ١٢ ساڵ کە لەشاری مەهابادەوە بەرە شاری بناو دەڕۆیشتن، گیانیان لە دەست داوە.

بەرپرسانی پۆلیسی هاتووچۆی شاری میاندواو، هۆکاری ئەم رووداوەیان بۆ کەمتەرخەمی و ناشارەزایی شوفێری پەیکان کە وێدەچێ یەکێک لە ژنەکان بووبێت، گەڕاندۆتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، عەلی سەعیدی بەرپرسی پۆلیسی هاتووچۆی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا ئەمڕۆ دووشەممە ١ی رەزبەر، رایگەیاندووە: \" لە ماوەی ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٢ هەزار و ٦٧٧ کەس لە رووداوی هاتووچۆی ناوشارەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا بریندار بوون.

ساڵانە ٢٠ هەزار کەس بە هۆی رووداوی هاتووچۆوە لە وڵاتی ئێران گیان لەدەست دەدەن کە زیاترین ئاماری مردنی هاووڵاتییان لە وڵاتی ئێراندایە.