کوژرانی دوو هاووڵاتیی عەرەب بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە ئەهواز

11:29 - 10 خەرمانان 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەرمانان، دوو هاووڵاتیی عەرەب لە ناوچەی ئاسیائاوای پارێزگای ئەهواز، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لەنێو ماشینێک لە جۆری پراید، کوژران.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوژراوە لە هاووڵاتییانی ناڕازی لە دژی بەتاڵانبردن و داگیرکردنی گوندی "ئەبولفەزڵ" بوون لەلایەن بونیادی موستەفزەفانەوە کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کوژراون.

تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییە عەرەبە بە کوژراوی لەنێو پرایدەکەیاندا دۆزرابووەوە.

 ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەرمانان، شەڕ و تێکەڵچوون لەنێوان دانیشتووانی گوندی ئەبولفەزڵ و هێزی نیزامی و هێزەکانی دادستانی وێڕای هێزەکانی یەگانی تایبەت هاتە ئاراوە کە بۆ ڕووخاندنی خانووی خەڵک چووبوونە گوندی ''ئەبولفەزڵ''؛ هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کاتێک لەگەڵ بەرگری و کاردانەوەی خەڵکی ئەم گوندە بەرەوڕوو بوونەوە، تەقەیان لە هاووڵاتییان کردبوو.

لەم تێکەڵچوونەدا ژمارەیەک لە خەڵکی ناڕازی لەلایەن هێزەکانی یەگانی تایبەتەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێ کراوە و بریندار بوونە و ژمارەیەکیش دەسبەسەر کراون.

 لەو پەیوەندییەدا ڕۆژنامەی ''شەرق'' بڵاوی کردووەتەوە، دانیشتووانی گوندی ''ئەبولفەزل'' بەڵگەیان لەبەر دەستدایە کە نیشان دەدات خەڵکی ئەو گوندەیە ماوەی ٤٠ ساڵە لەو شوێنە ژیان دەکەن، بەڵام بونیادی ''موستەزعەفان'' خۆی بە خاوەن زەوییەکانی ئەوان دەزانێت و لە خزمەتگوزاری بەو گوندە ڕێگری دەکات.