کوژران و بریندارکردنی ٢٧ کۆڵبەر لە مانگی گەلاوێژی ١٣٩٩

18:45 - 1 خەرمانان 2720

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا لە مانگی گەلاوێژی ١٣٩٩، کۆی گشتیی ٢٧ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێران کوژراون و بریندار بوون (٥ کوژراو و ٢٢ بریندار).

چۆنیەتیی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران:

١٨ حاڵەت: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران

٢ حاڵەت: بەهۆی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی هێزە نیزامییەکان

٧ کۆڵبەر: بە ڕووداوی هاتوچۆ کوژران و برینداربوون.

خستنەڕوو:

٢ کەس لە کۆڵبەران بە ناوەکانی "موبین حوسێنی" و "ئارمین ئەحمەدی"، تەمەنیان  ١٦ و ١٧ ساڵ بوون.

" سیراج ئەحمەی" کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری ورمێ گیانی لەدەست دا، سێیەمین کۆڵبەری کوژراو لە بنەماڵەی "ئەحمەدی" بووە کە پێشتر و لە ساڵی ٩٩، دوو ئامۆزای کە کۆڵبەر بوون بە ناوەکانی "ئەرسەلان و شەمزین ئەحمەدی"، بە تەقەی هەنگی سنووریی هێزەکانی ئێران کوژران.

بەپێی ئاماری کوردپا، لە سەرەتای مانگی گەلاوێژ هەتا ئێستا ٤ کۆڵبەر بە ناوەکانی "وەزیر محەممەدی" لە سنووری نەوسوود، "ڕەزا پوورئیسماعیل" لە سنووری چاڵدێران، "هادی خودایی" لە سنووری بانە و "سیراج ئەحمەدی" لە سنووری ورمێ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی کوژراون.

هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "خالید غەفووری" بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دابوو.

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا