کوژران و برینداربوونی دوو هاووڵاتیی کورد بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ

19:18 - 1 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی سەقز و مەهاباد لە دوو رووداوی جیاوازدا کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەربەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١ی رەزبەر هاووڵاتییەکی سەقزی بەناوی \"بێهرووز بورهانی\" خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درایە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بە وتەی شایەتحاڵان ئەو هاووڵاتییە کوردە ،لە جاددەی نێوان سەقز – دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ دراوەتە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامی بەرکەوتنی چەند گولـلەیەک گیانی لەدەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە شەوی یەکشەممە رێکەوتی٣١ی خەرمانان هاووڵاتیەکی مەهابادی لەسەرجاددەی بانە و لەنزیک گوندی \"سەبەتڵوو\" درایە بەر دەستڕێژ و بە تەقەی راستەوخۆی هێـزە نیزامییەکان بریندار کرا.

ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کوردە \"رەحمان رەحیمی\" و خەڵکی گوندی \"قالوێی عەوڵاغا\"ی سەربە شاری مەهاباد راگەیاندراوە کە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران کراوە.

پزیشکانی نەخۆشخانەی شاری تاران، باری تەندروستیی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان نالەبار راگەیاندووە و مەترسیی گیان لەدەست دانی لە ئارا دایە.

بەپێی ئاماری تۆمار کارو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٩ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی ئەو ئامارە ٨ کەسیان لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی ئەو هێـزانەدا دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە و ١١ کەسیشیان بریندار کراون.