کوژران و برینداربوونی دوو هاووڵاتیی سەردەشتی بەهۆی وەرگەڕانی ماشێنەکەیانەوە

16:06 - 25 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی سەردەشت کە لەسەر سنوورەکان خەریکی کاسبی کردن بوون بە هۆی وەرگەڕانی ماشینەکەیانەوە بوونە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوڵدەریی کوردپا؛ دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی \"سەردار و ئیبراهیم ئیبراهیمی\" کە برای یەکتر بوون و لە سنوورەکانی ناوچەی سەردەشت سەرقاڵی کاسبی کردن بوون، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ماشێنەکەیان کەسێکیان گیانی لەدەست دا.

دەگوترێت کە لەئەنجامی ئەو رووداوەدا کە لە ناوچەی \"وەزنێ\" رووی داوە، سەردار ئیبراهیمی دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و \"ئیبراهیم\"یش بە توندی بریندار بووە.

هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت لەو باوەڕەدان؛ کە ئەم دوو برایە لە ئەنجامی راوەدوونانی هێزە نیزامییەکاندا گیانیان لەدەست داوە، بەڵام هەتا ئێستا چۆنییەتیی هاتنە ئارای ئەو رووداوە روون نەبووەتەوە.

ئەو ناوچانە بەشێوەیەکی بەرچاو ئەمنیەتی کراون وهێندیک جار هاووڵاتییان لەترسی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ماشێنەکانی خۆیان وەرگێڕاوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا دەیان حاڵەتی گیان لەدەست دانی هاووڵاتییانی مەدەنیی کورد لە ئەنجامی وەرگەڕانی ماشێنەکانیان بەهۆی راوەدوونانی هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تۆمار کراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٥٥ رۆژی رابردوودا ٨ هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی راوەدوونان و تەقەی هێزە ئینتزامییەکاندا لە نێوان جاددەی شارەکاندا، گیانیان لەدەست داوە و ٨ هاووڵاتیی دیکەش بەو هۆیەوە بریندار بوونە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.