کوردستان/ سێ کرێکار بوون بە قوربانیی ڕووداوی کار

11:29 - 18 خەرمانان 2720

لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا، سێ کرێکار لە شار و گوندەکانی کوردستان، بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.

چەند ڕۆژ پێش لە ڕووداوێکدا هاووڵاتییەکی بەساڵاچوو بە ناوی "غەفوور ئەمینی" خەڵکی گوندی "دەرەکێ" سەر بە شاری سەوڵاوا، لە کاتی کوتانی گیا کەوتە قوڕگی خەرمانکوپەوە و گیانی لەدەست دا.

لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی ڕابردوو لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی "محەممەد شەریفی" خەڵکی گوندی "نیسانە"ی بەخشی نەوسوود، تووشی ڕووداوی کار بوو. ئەو لاوە لە کاتی کارکردندا بەهۆی بەربوونەوەی بەدەنەی ماشینی بارهەڵگر گیانی لەدەست دا.

لە هەمان ڕۆژ و لە ڕووداوێکی دیکەدا، کرێکارێکی تەمەن ١٩ ساڵ خەڵکی شاری ئیلام لە کاتی کارکردندا کارەبا گرتی. ئەو کرێکارە لە بینایەکی نیوەکارەدا خەریکی کارکردن بووە و بەهۆی کابڵی فشار قەوییەوە تووشی ئەو ڕووداوە بووە و دەسبەجێ گیانی لەدەست دا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو کرێکارە تەمەن ١٩ ساڵەیە ڕانەگەیەندراوە.