کورتە راپۆرتێک لەسەر تێکهەڵچوونە چەکدارییەکەی ناوچەی بانە + وێنـــه

14:21 - 4 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداری لە ناوچەی بانە، ٤ کەس بە دەستی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کاتژمێر چواری سەرلە ئێوارێی رۆژی هەینی رێکەوتی ٣ی خەزەڵوەر لە نزیک گوندی \"وزمەڵە\" لەناوچەی \"بۆیەن\"ی سەربە شاری بانە، شەڕ و پێکدادانێک لەنێوان ‌هێزەکانی سپای پاسداران و دەستەیەک هیزی چەکدار هاتە ئاراوە.

\"16319.jpg\"
هوشیار(رێبوار) عەزیزنژاد
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، \"هوشیار(رێبوار) عەزیزنژاد\" و \"ئازاد سالم\" لە یەکەم دەستڕێژی تێکهەڵچوونی رۆژی رابردووی ناوچەی بۆیەنی شاری بانەدا، بەدەستی هێزەکانی سپای پاسداران، کوژراون.

هەروەها بە وتەی شایەتحاڵان، لەو تێکهەڵچوونەدا کەسێکی دیکە بەناوی \"ئەمجەد تام\" بەتوندی بریندار بووە و پاش بە دیل گیرانی، لەلایەن هێـزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانەوە کوژراوە.

دەگوترێت، کە کەسێکی دیکە بەناوی \"هادی تام\" کە لەو تێکهەڵچوونەدا بریندار بووە، توانیویەتی لە شوێنی رووداوەکە دەرباز ببێت، بەڵام یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی شاری بانە و سەربە سپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە کە بەیانی ئەمڕۆ شەممە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

لەو بارەیەوە ماڵپەڕی سپای بەیتولموقەدەسی کوردستان لە زاری \"محەممەد رەجەبی\"ـەوە بڵاوی کردبۆوە کە سێ کەس کە بە \"دژە شۆڕش\" ناوی لێ بردوون، بەدەستی هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکانی بانە کوژراون و دوو کەسی دیکەش بەدیل گیراون.

\"16320.jpg\"
ئازاد سالم
هەتا ئێستا هیچکام لە ماڵپەڕە فەرمییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هیچ زانیارییەکی دیکەیان لەسەر ئەو رووداوەی رۆژی رابردووی ناوچەی بانە بڵاو نەکردووەتەوە.

هەروەها هیچکام لە لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، بەرپرسیارەتیی خۆیان لەو شەڕەی رۆژی رابردووی ناوچەی بانە رانەگەیاندووە و هاوکات ئامری راستەقینەی کوژراوان و برینداربوانی ئەو شەڕە چەکدارییە روون نییە.

لەلایەکی دیکەوە شەوی رابردوو لە خاڵی سنووریی سەراوان لە ئوستانی سیستان و بەلووچستان، ١٨ چەکداری هەنگی مەرزیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە تێکهەڵچوونێکدا کوژراون و ٥ کەسیش بریندار کراون.

هەواڵدەرییە فەرمییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران بڵاویان کردووەتەوە، ئەو تێکهەڵچوونە لەگەڵ گروپی \"جەیشولعەدل\" هاتووەتە ئاراوە و هاوکات ٤ کەسیش لە هێزەکانی هەنگی مەرزیی سەراوان لەلایەن ئەو گروپەوە بە دیل گیراون.

گروپی جەیشولعەدل بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە هاووڵاتییانی سوننی ئوستانی \"سیستان و بەلووچستان\" دامەزراوە.