کانگەی گرانیتی ناوچە کوردنشینەکان، بۆ شارەکانی دیکەی ئێران دەگوازرێنەوە + وێنـــە

15:06 - 20 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ماوەی چەندین ساڵە بەردی کانگەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەلایەن کەسانی ناخۆجێیەوە دەردەهێنرێن و بۆ کارگە و کارخانەی شارەکانی دیکەی ئێران دەگوازرێنەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاو بە وتەی یەکێک لە دانێشتوانی ناوچەی سەردەشت، ماوەی نزیک بە ٨ ساڵە کانگەی بەردی گرانیت لە ناوچەی سنووریی شاری سەردەشت بۆ هەرێمی کوردستان، لەلایەن کەسێکی سەربە حکوومەتەوە دەردەهێنرێ و بێ ئەوەی هیچ قازانجێکی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە هەبێت.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، خاوەنی ئەو کانگەیە لە ساڵانی رابردوودا لە ناوچەی سەردەشت فەرماندەری یەکێک لە پایەگا نیزامییەکان حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە و هەر ئەو کاتەش کانگەیەی \"باساڕ\"ی بەناوی خۆیەوە تۆمار کردووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کانگەی \"باساڕ\" کەلە نزیک گوندی \"قەلەڕەش\"ـەی سەربە شاری سەردەشت هەڵکەوتووە، لە ماوەی ٨ ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا هیچ قازانجێکی بۆ دانیشتوانی خۆجێی ناوچەکە نەبووە و تەنانەت ئەو کرێکارانەی کە لەو کانگەیەش کار دەکەن،کرێکارانی خۆجێی نین.

هەنووکە ٥٦ کانگەی گرانیت لە شارەکانی \"سەردەشت، مەهاباد، بۆکان، تیکاب و سایین قەڵا\"ی سەربە ئوستانی ئازەرباجانی رۆژئاوا بوونیان هەیە کە ساڵانە ٢٩١ هەزار تۆن بەردی گرانیتیان لێ دەردەهێنرێت و سەرجەمی بەردی ئەو کانگانەش بۆ شارەکانی \"بناو\" و \"ئیسفەهان\" دەگوازرێنەوە.
\"14539.jpg\"

\"14538.jpg\"