کامیاران/ بەهۆی تەقینەوەی مین ٦ ئەندامی سپای پاسداران کوژراون و بریندار بوون

14:42 - 22 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٤ ئەندامی سپای پاسداران لە ناوچەی کامیاران بەهۆی مینی بەجێماوی کۆنە پایەگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو ناوچەیە گیانیان لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢١ی گەلاوێژ لە داوێنی چیای شاهۆ لە نزیک کەمیاران ٤ کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران بەهۆی تەقینەوەی مین دەستبەجێ گیانیان لەدەست داو ٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.

یەکێک لە کوژراوەکان \"وەلی ئەحمەدی\" تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری قوروە و یەکێکی دیکەش لە کوژراوەکان خەڵکی گوندی \"تیلەکۆ\"ی سەربە شاری کامیاران و هەروەها کەسێکیش لە بریندارەکان فەرماندەی مقەڕی سپای \"گەشکی\" بەناوی \"حاجی عەلی\" خەڵکی دیواندەرە، راگەیاندراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ناوی کوژراو بریندارەکانی دیکەی ئەو رووداوی تەقینەوەیە نەزانراوە.

ساڵانە دەیان هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی تەقینەوەی مینی بەجێماوی کۆنە پایەگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تووشی کەمئەندامی و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

لە دوایین حاڵەتەکانی تەقینەوەی مین لە ناوچە وکوردنشینەکاندا، ٢ خوشک لە ناوچەی ورمێ بەناوەکانی \"غەزاڵ\" تەمەن ٢٠ ساڵ و \"لەیلا\" تەمەن ١٣ ساڵ و لەکاتی چوون بۆ کوێستانەکانی ئەو ناوچەیە بەهۆی مینی بەجێماوی کۆنە پایەگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانیان لەدەست دا.