کارەساتی شیناوێ لە قوتابخانەیەکی ناوچەی ماکۆ دووپات بوویەوە+وێنـە

19:46 - 19 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: قوتابخانەی یەکێک لە گوندە کوردنشینەکانی ناوچەی ماکۆ بەهۆی سۆبەی نەوتیی ناستاندار ئاگری تێبەربوو، زیانێکی بەرچاوی بە قوتابخانەکە گەیاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ قوتابخانەی گوندی \"خەرمان یەری\" سەربە شاری ماکۆ بەهۆی ئاگرتێبەربوونی سۆبەی نەوتیی ناستانداردی بە تەواوەتی لە ئاگردا سووتا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، لە کاتێکدا قوتابییان لەناو قوتابخانەدا سەرقاڵی دەرس خوێندن بوون، سۆبەی نەوتیی قوتابخانەکە گڕی تێبەربووە.

سەرچاوەکە گوتیشی، تێکڕای کەلوپەلی قوتابییان و هەروەها کەرسەکانی نێو قوتابخانەش لە ئاگردا سووتاون و سەرجەم قوتابییان بەهۆی هەوڵی مامۆستای قوتابخانەکە بە سڵامەتی رزگارییان بوو.

هەروەها لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا و رێکەوتی ٢ی رێبەندان بینای قوتابخانەی گوندی کەرێزەی شێخان لە ناوچەی مەهاباد بەهۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتی لە ئاگردا سووتا.

چەند رۆژ دواتر و لە رێکەوتی ١٩ی رێبەنداندا قوتابخانەی گوندی نێبن، لە ناوچەی \"باراندێز\"‌ی ورمێ بە هۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتییەوە ئاگری تێبەربوو، کە بەو هۆیەوە بینای قوتابخانەکە تێک رووخا.

چەند پات بوونەوەی ئەم رووداوانە لە کاتێک دایە، کە بەوتەی بەرپرسی نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، هەنووکە ٦٠٠ پۆلی خوێندن لە گوندەکانی ئەو ئوستانە بۆ گەرم کردنەوەی پۆلەکانیان لە سۆپەی نەوتی کەڵک وەردەگرن.
\"18706.jpg\"

\"18705.jpg\"

\"18710.jpg\"

\"18709.jpg\"

\"18707.jpg\"