ژینگەی کرماشان بەرەوڕووی تراژیدیا بۆتەوە

15:34 - 11 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ژینگەی ئوستانی کرماشان ئاماری دەستبەسەر کردنی ١٠٤ راوچیی سەرپێچیکاری لە ٦ مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا لەو ئوستانە بڵاو کردەوە و چالاکنی ژینگە ئەم ئامارە بە تراژیدایا لە قەڵەم ئەدەن.

بڵاو کردنەوەی ئەم ئامارەش لەکاتێک دایە کە بە وتەی چالاکانی ژینگەپارێزی، زۆربەی ئاژەڵ و زیندەوەرە کێوییەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەرەو فەوتان دەچن و ئیدارەی ژینگەش تاقە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی فەوتانی ئاژەڵ و باڵندە کیوییەکان، لە دەستبەسەر کردنی راوچییەکاندا دەبینن.

ئیدارەی گشتیی ژینگەی ئوستانی کرماشان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە لەماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٠٤ راوچیی سەرپێچیکاریان لەو ئوستانە دەستبەسەر و رادەستی ‌دەزگای قەزایی کراون.

لەلایەکی دیکەوەو بە وتەی زۆرێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی،  ئەو کەسە دەستبەسەر کراوانە تەنیا بە دانی بڕە پارەیەکی کەم سزا دەدرێن و سەرلە نوێ دەگەڕێنەوە سەر پیشەی خۆیان و تەنیا لەحاڵەتێکیشدا ئەو راوچییانە زیندانی دەکرێن کە کارەساتێکیان خولقاندبێت و دەنگدانەوەی میدیای بووبێت، ئەگینا ئەم رەوتە هەروا درێژەی دەبیت.

بوونی ئەم ئامارە لەحاڵێک دایە کە بە وتەی چالاکانی ژینگەپارێزی \"ئاگرتێبەردانی ئەنقەستی دارستانەکان بە دەستی هێزە نیزامییەکان، دانی چەکی مۆڵەت‌دار بە راوچییەکان، نەبوونی هێزی ژینگەپارێزیی پێویست و هەروەها کەمتەرخەمیی ناوەندە ژینگەپارێزییەکان لەمەڕ پاراستنی سروشت\" بەشێک لەو هەڕەشانەن کەبەرەوڕووی ژینگەی ناوچە کوردنشینەکان بوونەتەوە.

هاوکات هەبوونی سەدان هەزار مینی چێندراو و تۆپ و خومپارە باران کردنی رۆژانەی ناوچە کوردنشینەکان، یەکێکی دیکە لەو هەڕەشانەیە کە بەرەوام وەک مەترسی بۆسەر ژینگەی کوردستان لەرۆژەڤ دایە و ئەگەر ئەم رەوتە درێژەی هەبێت، بۆنەوەرە کێوییەکان بەرەو لەناوچوونی ئێجگاری دەچن.

ماوەیەک لەمەوبەر هیوا بووتیمار لە دیمانەیەکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، رایگەیاند: \"هەنووکە چەندین جۆر بوونەوەری کێویی وەک \"کەروێشک، دارکونکەرە، سمۆرە و کەو\" لەژینگەی کوردستاندا بەرەو نەمان دەچن و هەتا ئێستاش بۆ زیادبوونی نەسلی ئەو گیانلەبەرانە هیچ هەوڵێک نەدراوە\".

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی راوچییەکان گوتی: دەستبەسەر کردنی راوچیی سەرپێچیکار ئاماژە بەوە دەکات کە تراژیدیایەک لەگۆڕێ دایە، بەڵام نەبوونی یاسایەکی تۆکمە بۆتە هۆکارێک کە هیچ بەربەستێک بۆ راو کردن لەئارادا نەبێت.