ژمارەیەک لە هاووڵاتییەکی عەرەب لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران

16:02 - 15 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران، ٩ هاووڵاتیی عەرەبی پارێزگای ئەهواز،لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی حکوومەتەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژییەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، ٩ هاووڵاتیی عەرەبی ئەهوازی کە زۆربەیان دانیشتووی باشووری ئەو پارێزگایەن، لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی حکوومەتەوە دەستبەسەر کراون کە چارەنوسی ٣ کەسیان ناڕوونه.

بە وتەی سەرچاویەکی ئاگادار، دادگای ئنقلابی شادگان، چالاکێکی فەرهەنگی و شاعیرێکی ئەو شارەشی بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کردووە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە عەرەبانەی کە له لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، جاسم کروشات، عەبدولڕەحمان غەرباوی، سەید عەبدولحەکیم موسەوی، ڕەزا عەبیداوی، محەممە حەیدەری، یونس عەبیات، جەبار عەبیات، سەدام عەبیات و کەریم عەچرەش ڕاگەیەندراوە.

هەروەها هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئێران دوای هێرش بۆ سەر کوی عەلەوی لە شاری ئەهواز ٥ کەس لە هاووڵاتییانی سوننە مەزهەبی عەرەب بە ناوەکانی جاسم کروشات تەمەن ٤٠ ساڵه، عەبدولڕەحمان غەرباوی ٣٠ ساڵە، سەید عەبدولحەکیم موسەوی ٢٣ ساڵە و ڕەزا عەبیداوی و محەممەد حەیدەریان دەستبەسەر کردووە.

بنەماڵەی دەستبەسەرکراوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو دەستبەسەرکراوانە بۆ قەرارگای ئەبولفەزلی عەباس ڕاگوێزراون.

هەروەها لە درێژەی گوشار بۆ سەر هاووڵاتییانی عەرەب جەهاد عەساکەرە، یەکێک لە شاعیرانی عەرەبی ئەهوازی لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٢ ساڵ زیندانی مەحکووم کراوە.

ئەو شاعیرە عەرەبە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە چالاکانی فەرهەنگی و شاعیرانی شادگانی لە ڕێوڕەسمی بیرئانینی شاعیر \"مەلا ئەفزەڵ سکرانی\" دەستبەسەر کرابوو.

لەو پێوەندییەدا لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی عەرەب بە ناوی باقر غوڵامی چالاکی مەزهەبی کە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەشەممەی ١٣٩٤ی هەتاوی لە ماڵی خۆیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نیە.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا شەپۆلێكی بەربڵاو لەدەستبەسەر كردنی چالاكانی عەرەب لەئێران دەستی پێكردووە و بەشێكی بەرچاو لە دەستبەسەر كراوەكان سزای زیندانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، زۆربەی کارناسان، چالاکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەنێونەتەوەیی و ئێرانییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە پاش هاتنەسەرکاری حەسەن ڕوحانی، دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران هیچ بەرەو باشتربوون نەچووە و بگرە نالەبارتریش بووە.