ڕەوتی بەرزبوونەوەی سێدارەدراوەکان لە ئێراندا بەردەوامە

15:37 - 6 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەستی داوەتە جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدامی دەیان زیندانی.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا، نزیک بە ٣٠ زیندانی لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا لە سێدارە دراون.

لە یەکێک لەو حاڵەتانەدا، ١٧ هاووڵاتی دەستبەسەرکراو لە گرتووخانەی \"وکیل آباد\" ـی شاری مەشهەد بە بڕیاری دادگە ئێعدام کران.

هاوکات لەگەڵ ئاشکرابوونی ئێعدامی بەکۆمەڵی ئەو زیندانییانە لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، ڕاپۆرتێک بڵاوبووەتەوە کە هێما بۆ چاوەڕوانیی زیاتر لە ٤٠٠ زیندانیی دیکەش بۆ جێبەجێ کرانی حوکمەکەیان، دەکات.

لە گرتووخانەکانی گورگان، تایباد و شاهروودیش حوکمی ئێعدامی ٤ زیندانی جێبەجێ کرا.

لەسێدارەدراوەکان تەمەنیان کەمتر لە ٣٣ ساڵ بووە.

هەروەها لە ماوەی ئەم حەوتوویەشدا، لانیکەم ٧ کەس لە گرتووخانەکانی تەورێز، ورمێ، تەبەس و نەیریز چوونەتە ژێر پەتی سێدارە.
چوار کەس لەو ئیعدام کراوانە، خەڵکی شارەکانی سەردەشت و ورمێ لە کوردستانی ئێرانن.

سەرەڕای لەسێدارەدانی ئەو ڕێژە لە زیندانی، لانیکەم ١١ کەسی دیکەش بۆ ئەگەری لەسێدارەدانیان گوازراونەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی ڕەجایی شار کە تاکوو ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

ئەو ئامارە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ڕاگەیەنە سەربەخۆکان بڵاوبوونەتەوە و ڕێژەی لەسێدارەدراوەکان کە بە فەرمی ئاشکرا نەکراوە، زۆر زیاتر لەو ڕێژەیە.

ساڵی ڕابردووی زایینی، ٩٩٦ کەس لە ئێراندا ئێعدام کراون کە تاوانی نزیک بە دوو لە سەر سێ، واتا ٦٣٨ کەسیان تاوانی ماددە سڕکەرەکان بووە کە ئەو ڕێژەیە زیاتر لە ٢٥ ساڵی ڕابردووی حکومەتی ئێران بووە.

ڕەوتی بەرزبوونەوەی لەسێدارەدراوەکان لە ئێراندا لەکاتێکدا هەڵدەکشێ کە بەرپرسی کۆمیتەی سەربەخۆی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە دەبیرخانەی کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام باسی لە \"ناکارایی ئێعدامەکان\" کردووە.

بەوتەی عەلی هاشمی، ٩٥% لەسێدارەکانی ماددەی هۆشبەر نەتەنیا دەرنجامێکی ئەرێنی نەبووە بەڵکوو لێکەوتەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و نێونەتەوەییشی بەجێ هێشتووە.