ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز باس لە گیانلەدەستدانی زیندانییەکی سیاسیی عەرەب دەکات

11:13 - 12 بەفرانبار 2721

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز بڵاوی کردووەتەوە کە زیندانییەکی سیاسی بە ناوی "عادڵ کیانپوور"، لە زیندانی شەیبانی ئەهواز، گیانی لەدەست دا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز، هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو زیندانییە سیاسییەی بۆ مانگرتنی گەڕاندووەتەوە و نووسیوویەتی: "عادڵ کیانپوور بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین لەمەڕ بێبەریکردنی لە مافی دادپرسیی دادپەروەرانە و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی، پاش حەوتوویەک مانگرتن لە خواردن، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە گیانی لەدەست دا".

ئەو زیندانییە سیاسییە کە لە زیندانی شەیبان ماوەی زیندانییەکی خۆی تێدەپەڕاند، لە ڕێکەوتی ٤ی بەفرانبارەوە دەستی دابووە مانگرتن.

پێشتر عادڵ کیانپوور، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ئەهواز، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام، پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندی گرووپە دژبەرەکانی نیزام و تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی میللی"، بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ساڵی ٩٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئەهواز ڕاگوێزرابوو.

 ئەو زیندانییە گیانلەدەستداوە لە فایلێکی دەنگیدا، باس لە مانگرتنەکەی خۆی کردووە و وتوویەتی: "من عادڵ کیانپوور، زیندانیی سیاسی لە ڕاستای ئامانجەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ، لەبەرانبەر زوڵمی دەسەڵاتداران، بە ناوی وڵات و نەتەوە و لە ڕێگای دادپەروەرییەوە، بە شێوەی فەرمی لە ڕێکەوتی ٤ی بەفرانبارەوە مانگرتنی خۆم دەست پێ کردووە و  ئەم مانگرتنەشم بە هەموو خەڵک و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، ڕادەگەیەنم".