ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا: حکوومەتی ئێران بە شێوەی جیددی و سیستماتیک داسەپاندن، پشتڕاستکردنەوە و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بەتایبەت لەمەڕ زیندانییانی سیاسیی لە بەرنامەی کاری خۆیدا گونجاندووە

13:46 - 2 خەرمانان 2720

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، لەبارەی مەترسیی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی بیروڕای گشتیی ئاگادار کردەوە.

دەقی ئەم پەیامە بەم چەشنەیە:

مەترسیی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی  لە بواری ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستانی ئێران

ڕوو لە بیروڕای گشتی، ڕێکخراوەکانی دادکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و ڕاگەیاندنە گشتییەکان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، وەکوو ڕێکخراوێکی مافی مرۆیی، کە پێكهاتووە لە کۆمەڵێک لە هەواڵنێران و پارێزەرانی بیاڤی مافی مرۆیی، زەنگی مەترسی لە بواری ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی لە کوردستانی ئێران دەرهێنا. ئەو زەنگە مەترسییە لەسەر ئەساسی زانیارییەکان کە لەو بوارەدا هەیە، بەو واتایە کە دەوڵەت بە شێوەی جیدی و سیستماتیک داسەپان، پشتڕاستکردنەوە و جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام لەهەمبەر زیندانییانی سیاسیی کورد لە بەرنامەی کاری خویدا قەرار داوە.

هەڵسەنگاندنی زانیارییە بەدەستهاتووەکان لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو،  لەو بوارەدا کە بڵاو کراوەتەوە، ڕەوتی بەرزبوونەوەی داسەپاندن، پشتڕاستکردنەوە و جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد لە مانگەکانی ڕابردوودا و هەروەها ئامادە و بڵاوکردنەوەی هاوکاتی بەرنامەگەلێک لەو بوارەدا، لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی نیشانەی جیددییەت لە سیستماتیک بوونی ئەو ڕەوتەیە کە دەتوانێت باسی لە ئیرادەی دەوڵەت بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی سەرکوتی سیاسی لە کوردستان بێت.

لە دوایین نموونە لەو بوارەدا، ڕاپۆرتەکان باس لە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی "مەحیەدین ئیبراهیمی"، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێـ"ـی شنۆ، لەلایەن لقی ١٩ی دیوانی باڵای وڵاتە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتی بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کراوە و ئەو حوکمەش لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیەش ئەوەشی خستەڕوو: "دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکە لە دیوانی باڵای وڵات، بۆ دادگای شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو زیندانییە ڕەوانە کراوەتەوە".

ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ دووەمین جار لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە ئێعدام مەحکووم کراوە و ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، بانگهێشتی بەشی مەدەدکاریی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و حوکمەکەیان پێڕاگەیەندرابوو.

حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ لە دیوانی باڵای وڵات پێشێل کراوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە بۆ لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێ کرابوو.

بەدواداچوونی دووبارە بۆ دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی "شێخلو" بەڕێوە چووە و ناوبراو بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" جارێکی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار و دواتر دەسبەسەر کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە، پاش برینداربوونی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و بەبێ تەواوکردنی دەوا و دەرمانەکەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدای ورمێ گوازرایەوە و بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لێپرسینەوە و ئازار و ئەشکەنجە درابوو.

پێشتریش لەو پەیوەندییەدا و لە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ، حوکمی لە سێدارەدانی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە، لە لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات لە قوم پشتڕاست کرابووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە تۆمەتی "بەغی" بە ئێعدام مەحکووم کراوە و دیوانی باڵای وڵات ئەو حوکمەی پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری کامیاران کراوە".

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، هەروەها جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام بە شیوەی جیددیتر لەهەمبەر زیندانییانی سیاسیی کورد جێبەجێ کراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، حوکمی ئێعدامی دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ‌ زادە" خەڵکی مەهاباد،  لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئێعدام کران.حوکمی لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە ئامادەبوونی بنەماڵەی ١٣ کەس لە کوژراوەکانی تەقینەوەی بومب لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٨٩، جێبەجێ کراوە.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، دوو زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە بەندی ١_٢ی زیندانی ورمێ بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوون.

لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە لە حاڵێکدا بووە کە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران دەبێ دەستبەجێ بەرنامەی جێبەجێکردنی ئێعدامی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە" ڕابگرن.

دەبێ ئەوەش بخرێتەڕوو کە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، حوکمی لەسێدارەدانی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە شاری شنۆ جێبەجێ کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا

٢ی خەرمانانی ساڵی ٩٩