ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی خوازیاری ئازادکردنی "فاتمە دادوەند" بوو

11:30 - 17 گەلاوێژ 2720

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کرد کە "فاتمە دادوەند" یەکێک لە ناڕازییانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، ئازاد بکەن.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە "فاتمە دادوەند" پاش دادگاییەکی نادادپەروەرانە کە لەودا پشت بە دانپێدانانی زۆرەملێ بەستراوە، ناوبراو بە زیندان مەحکووم کراوە.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە هەروەها دووپاتی کردووەتەوە "فاتمە دادوەند" تەنیا بەهۆی کەڵکوەرگرتنی لە مافی خۆی لە ڕێگای ئاشتیخوازانە و هەروەها لە ڕێگای مافی ئازادیی کۆبوونەوەکان و "دانپێدانانی زۆرەملێ" زیندانی کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژ، "فاتمە دادوەند" هاووڵاتیی بۆکانی کە لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ دەسبەسەر و بە زیندان مەحکووم کرابوو، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا.

یەکێک لە نزیکانی "فاتمە دادوەند" لە وتووێژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، ڕاگواستنی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی بۆ زیندانی ورمێ پشتڕاست کردەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە دوو دۆسیەی جیاجیادا، لە دادگای کەیفەریی بۆکان و مەهاباد بە ٥ ساڵ و ٥ مانگ زیندانیی تەعزیری و لێدانی ٣٠ زەربە قامچی مەحکووم کرابوو.

"فاتمە دادوەند" ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لە لقی ١٠٣ دادگای ئینقلابی کەیفەریی ٢ی بۆکان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەهدی تەقی ‌زادە" بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی بە ئاژاوەنانەوە و کەشفی حیجاب" دادگایی و لەو دادگایەدا، لە تۆمەتی‌ وەپاڵداروی کەشفی حیجاب بێتاوان ناسرا و بە تۆمەتی تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی بە ٥ مانگ زیندانیی تەعزیری و لێدانی ٣٠ زەربە قامچی مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە بۆکانییە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی وڵات" لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد غوڵامی" دادگایی و سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ حوکمی ٥ ساڵ زیندانییە تەعزیرییەکەی بە پارێزەرە دیاری کراوەکەی ڕاگەیەندرابوو.

حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ٤٥ مانگ کەم کرایەوە.

"فاتمە دادوەند" ڕێکەوتی ٢٥ خەزەڵوەری ساڵی ٩٨،  لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە هەمبەر گرانیی بێنزین دەسبەسەر کرابوو و بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی ڕۆحیدا بوو و پاش چەند ڕۆژ، دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو لە هەواڵەکانی ٢٠:٣٠ لە کاناڵی ٢ی دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران، بڵاو کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا و ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

"فاتمە دادوەند" کچی "دەروێش"، تەمەن ٤٢ ساڵ و خاوەنی سێ منداڵە.