ڕێپۆرتێرانی بێسنوور بانگهێشتی خۆسەرانە و نایاسایی ڕۆژنامەوانانی لە ئێران مەحکووم کرد

10:41 - 4 رەشەمه 2719

ڕۆژی شەممە، ٣ی ڕەشەمە، ڕێپۆرتێرانی بێسنوور لە پەیامێکدا هەوڵەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەهەمبەر بانگهێشتکردنی ڕۆژنامەوانان و هەڕەشە لێکردنی ئەوان بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی مەحکووم کرد.

ڕێکخراوی ڕێپۆرتێرانی بێسنوور وەکوو ناوەندێکی دادکۆکیکار لە ڕۆژنامەوانان لە پەیامێکدا، بانگهێشتکردنی ڕۆژنامەوانان لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی بە هەوڵی "خۆسەرانە و نایاسایی" ناو برد و پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن ڕۆژنامەوانەوە لە ڕێگای بانگهێشت و لێپرسینەوەی مەحکووم کرد.

لەو پەیامەدا ئاماژە بە چەند ڕۆژنامەنووسێکی وەک "محەممەد موساعد، مازیار خوسرەوی، یاسەمین خالیقان و شەونم نیزامی" و هەروەها چەند کەسێکی دیکە کرا کە لە سەرەتای مانگی بەفرانبارەوە هەتا ئێستا لەلایەن سپای پاسدارانەوە، ئازار و ئەزیەت کراون.