ڕێپۆرتێرانی بێ سنوور: ئێران یەکێک لە پێنج وڵاتی دونیا لە بواری زیندانی چالاکانی ڕاگەیاندن

15:27 - 15 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ڕێپۆرتێرانی بێ سنوور لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، لە بەرەبەری دووهەمین دەوری سەرکۆماری حەسەن ڕۆحانی، داوای لە ناوبراو کردووە لە ڕاستای ئازادی بیربۆچوون لە ئێران و ئازادی ڕۆژنامەوانان و هەواڵنێرانی زیندانی کراو، تێبکۆشی.

لە ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە نێونەتەوەییەدا هاتووە، لە دەوری یەکەمی سەرکۆماری حەسەن ڕۆحانی ئەو داواکارییە بەدی نەهاتووە و\"هەتا کاتێک ئەو داواکارییە نەیەتەدی، خەڵکی ئێران ناتوانن لە ئازادی و دەوڵەتی یاسامەند بەهرەمەند بن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە چوار ساڵی یەکەمی سەرکۆماری حەسەن ڕۆحانیدا لانیکەم ٢٠٠ ڕۆژنامەوان و هەواڵنێر بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و ٣٢ کەس لەوان بە زیندانیی سێ هەتا ١٦ ساڵ مەحکووم کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێپۆرتێرانی بێ سنوور، ئەگەر دەزگای قەزایی و سپای پاسداران لە ژێر فەرمانی عەلی خامنەیی دان، وەزارەتی ئیتلاعاتی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی لە سەرکوتی ڕاگەیەندکارەکان و دەستبەسەر کردنی ڕۆژنامەوانە ڕەخنەگرەکانی نیزام بەشداری کردووە.

ئەو ڕاپۆرتە پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە، سەرکۆمار نابێت ئەوە لە بیربکات کە بە بەڵێنەکانی وەک\"ئازادی زیندانیانی سیاسی\"،\"ئازادی بەیان و چاپەمەنی\" و توانیوویەتی دەنگی لاوان و ژنان بەدەست بهنێنت.

ڕێپۆرتێرانی بێ سنوور، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەیاندا دەڵێن: ئەم داواکارییانە لە دەوری یەکەمی سەرکۆماری بەدینەهات، بەڵام داواکاری جێبەجێ کردنی ئەو داواکارییەین و هەتا ئەو داوکارییە بەرئاورد نەبێت خەڵکی ئێران ناتوانن لە ئازادی یاسامەند بەرهرەمەند بن.