ڕۆژنامەنووسێکی زیندانی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیلام کرا

11:47 - 27 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شاری ئیلام، بەهۆی نالەباریی بارودۆخی جەستەیی لە زیندانی ئەو شارەدا، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیلام کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی خەرمانان، "نەجەف مێهدی‌پوور"، ڕۆژنامەنووسی زیندانیی کوردی خەڵکی شاری ئیلام، بەهۆی بارودۆخی خراپی جەستەی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیلام لە دەرەوەی زیندان کرا.

ماڵپەڕی "هێرانا" لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، بەهۆی نەخۆشیی تەنگەنەفەسییەوە، توانای هاتوچۆکردنی نییە و بۆ نەخۆشخانەی "مستەفا خومەینیـ"ـی شاری ئیلام ڕەوانە کراوە و لەژێرچاوەدێریی پزیشکیدایە.

"نەجەف مێهدی‌پوور"، مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی یەک ساڵ زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی شاری دەڕەشار کرابوو و لە ڕێکەوتی ٩ی خەرماناندا، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی ئەو زیندانییە کوردە، ڕەوانەی زیندانی ئیلام کرا.

"نەجەف مێهدی‌پوور، کارناسی باڵای زانستی سیاسی و بەربژێری دەیەمین خولی مەجلیس بووە کە شیاویی ناوبراو، بە ۆی "نەبوونی باوەڕ و پێبەند نەبوون بە ئیسلام و نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، لە لایەن شۆرای نیگابانەوە ڕەت کرایەوە.