ڕووداوی کار گیانی کرێکارێکی سەقزیی لە تاران ئەستاند

12:16 - 5 جۆزەردان 2720

چەند ڕۆژ پێش، کرێکارێکی کوردی خەڵکی سەقز، لە تاران تووشی ڕووداوی کار بوو و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە، "محەممەد فەیزپوور" خەڵکی سەقز ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو کرێکارە کوردە، وەستای ئاڕماتۆڕبەندی بووە و بەهۆی بەربوونەوەی لە کاتی کارکردن لە بینایەکی نیوەکار لە تاراندا دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو کرێکارە زیاتر لە ٤٠ ساڵە خەریكی کرێکارییە و خێزاندار و تەمەنی لە سەرەوەی ٦٥ ساڵە".

بەهۆی بێکاری و نەبوونی هەلی کار لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، زۆرێک لە کرێکارانی کورد بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان ڕوو لە پارێزگا و شارەکانی ئێران دەکەن و زۆرجار تووشی ڕووداوی کار دەبن.