ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ئێعدامی دوو زیندانیی سیاسیی کورد

12:20 - 25 پووشپەڕ 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە ئێعدامکردنی دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ ‌زادە" ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر ئەم دوو لاوە کوردە و جێبەجێکردنی سزاکە لەسەریان بەم تاوانە! لەحاڵێکدایە کە پێشتر و چەند ڕۆژ دوای تەقینەوەکە، محەممەد پاکپوور، سەرۆکی هێزی زەوینی سپای پاسداران ڕایگەیاند، بکەرانی تەقینەوەکەیان لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان خستووەتە داو و کوشتوویانن".

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

ئێعدامی ڕۆڵەکانی کورد نابنه هۆی ئه‌وەیکە گه‌لی ئێمه واز له خه‌بات بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی و مافه ڕه‌واکانی خۆی بێنێت.

٢٠ ڕۆژ دوای پشتڕاستبوونەوەی ئێعدامی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاوانێکی دیکەدا، "سابیر شێخ ‌عەبدوڵڵا" و "دیاکۆ ڕەسووڵ‌ زادە"، دوو لاوی دیکەی کوردی لەدار دا.

"سابیر شێخ ‌عەبدوڵڵا" و "دیاکۆ ڕەسووڵ ‌زادە" کە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ پووشپەڕ ئێعدام کران، ماوەی ٧ ساڵ بوو بە تۆمەتی بەشداری لە تەقینەوەیەکی گوماناوی کە ساڵی ١٣٨٩ لە کاتی مانۆڕێکی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە مەهاباد کرا، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو.

سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر ئەم دوو لاوە کوردە و جێبەجێکردنی سزاکە لەسەریان بەم تاوانە! لەحاڵێکدایە کە پێشتر و چەند ڕۆژ دوای تەقینەوەکە، "محەممەد پاکپوور"، سەرۆکی هێزی زەوینیی سپای پاسداران ڕایگەیاند، بکەرانی تەقینەوەکەیان لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان خستووەتە داو و کوشتوویانن؛ کەچی سێ ساڵ دوای ئەم ڕووداوە بە دەسبەسەرکردنی "سابیر شێخ‌ عەبدوڵڵا" و "دیاکۆ ڕەسووڵ‌ زادە" سەرلەنوێ پەروەندەکەیان وەگەڕ خستەوە.

ئەم دوو لاوە کوردە ماوەی چەند ساڵ خرانە ژێر توندترین ئازار و ئەشکەنجەکان بۆ ئەوەی دان بەو تاوانەدا بنێن هەتا بەم جۆرە ڕێگا بۆ سەپاندنی سزای ئێعدام بەسەریاندا خۆش بکەن و ڕق و قینی هەمیشەیی و لەبڕان‌نەهاتووی خۆیان بە گەلی کورد و خەباتە ڕەواکەی بڕێژن.

کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا لە ئێعدامی تێکۆشەرانی سیاسی و مەدەنیی کورد بەردەوامە کە ڕێژیم لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا گوشارێکی یەکجار زۆری لەسەرە، کۆرۆنا هەتا بینەقاقا بەربینگی بە کۆمەڵگە گرتووە، بارودۆخی ئابووریی وڵات لە سۆنگەی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمەوە تێک ڕماوە، هەژاری و بێکاری بڕستی لە خەڵک بڕیوە؛ بەڵام دەسەڵاتی گەندەڵ و ناکارامە کە زیاتر لە هەر كاتێكی دیکە ترسی تەقینەوەی ڕقی پەنگخواردووی گەلانی ئێرانیان لێ نیشتووە؛ لەبری پاشەکشە لە سیاسەتەکانیان و ملدان بە ویستی خەڵک، لە ئێعدام و سەركوت وەک ڕێكارێک بەمەبەستی چاوترسێنكردنی خەڵكی ئازادیخواز بەردەوامن.

بە چاوخشاندنێک بە ئاماری ئێعدامەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا بۆمان دەردەکەوێت کە یەک لە چواری ئێعدامکراوان لەو ماوەیەدا کورد بوون و هەر هەموو ئێعدامە سیاسییەکانی ئەو ماوەیەش هەر لە کورد کراون، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی بە چ ترس و نیگەرانییەکەوە و بە چ ڕوانگەیەکی ئەمنییەتیی داپڵۆسێنەرانەوە لە کوردستان دەڕوانێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا ئەمە سیاسەتی نەگۆڕ و هەمیشەیی بووە. ڕێژیم لە هەموو ئەو ماوەیەدا بە مەبەستی كپكردنی دەنگی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و بەردەوامیی دەسەڵاتی نگریسی لە هەموو ئامرازێكی سەركوت و کوشتوبڕ كەڵكی وەرگرتووە، بەڵام بێگومان لای ڕوون و ئاشکرایە کە هه‌مووی ئه‌مانه قه‌ت نابنه هۆی ئه‌وه که گه‌لی ئێمه واز له خه‌بات و تێکۆشان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی و مافه ڕه‌واکانی خۆی بێنێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی "سابیر شێخ‌ عەبدوڵڵا" و "دیاکۆ ڕەسووڵ ‌زادە"، ئەو دڵنیاییە دەدا کە خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تێکۆشان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و دەستەبەریی ئازادی و مافە ڕەواکانی گەلی کورد هەتا سەرکەوتن و دەستەبەریی ئەو مافانە درێژەی هەیە. لەو پێناوەشدا ئیعدامی ڕۆڵەکانمان، تێرۆری تیکۆشەرانمان و سەرکوت و هێرش و پەلامار بۆ سەرمان لە بڕینی ڕێگای خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان ساردمان ناکاتەوە.

ڕیسوایی بۆ دەسەڵاتی نگریس و دژی ‌گەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٩

١٥ی ژووئییەی ٢٠٢٠ی زایینی