ڕاپۆرتێک لەسەر ڕووداوەکانی شاری کرماشان

11:20 - 29 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە کرماشان بەردەوامە و هێزە نیزامییەکان لە شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە، بۆ سەرکەوتکردنی هاووڵاتییان جێگیر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، زیاتر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، هێزە نیزامییەکان لەنێو کرماشان بڵاو کراونەتەوە، بەتایبەتی لە شوێنەکانی سێڕێیانی تاقەوسان، ئیلاهییە و دەوڵەت ئاوا. هەروەها ئیزنی کۆبوونەوەی سێ هەتا چوار کەسیش بە خەڵک نادەن.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا لە کرماشان ڕایگەیاند: "بەهۆی دەسڕێژیی گولـلە لەلایەن پایگای دەوڵەت ئاوا، ژمارەی کوژراو و بریندارەکان زۆر زیاتر لەوەیە کە باسی لێوە دەکەن".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، لە تەقەی هێزە نیزامییەکانی پایگای دەوڵەت ئاوای کرماشان، دوو برا کە ناوەکانیان ڕوون نەبووەتەوە، کوژران. یەکێک لەو کەسانە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵەیە.

هەروەها زیادی کردووە، هەتا ئێستا ئامارێکی ورد و دروست لەسەر کوژرا و بریندار و دەسبەسەرکراوەکانی شاری کرماشان لەبەر دەستدا نییە و تەنیا شوناسی سێ کەس ڕوونە کە بریتین لە: "نادر بیراوەند، ٢٢ ساڵە، خەڵکی گەڕەکی جافرئاوای شاری کرماشان؛ ڕامین میرزایی، تەمەن ٢١ ساڵ، خەڵکی گەڕەکی دەوڵەت ‌ئاوا و موزەفەر زەهیری، کوڕی نسوور".

لە نەخۆشخانەی "تاڵقانی"، بەخشێکیان تایبەت بە کوژراو و بریندارەکانی کرماشان دیاری کردووە و جگە لە هێزەکانی سپای پاسداران و هێزە نیزامییەکان، تەنانەت ئیزنی چارەسەرکردنی بریندارەکانیان بە دوکتورەکانی ئەو نەخۆشخانەیەش نەداوە.

ناڕەزایەتییەکان لە کرماشان بەردەوامە و ڕۆژی سێشەممە لە گەڕەکی نۆبەهاری ئەم شارە، شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هاووڵاتییان و مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان هاتووەتە ئاراوە.

پاش دەستپێکردنی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی شاری کرماشان لە ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، هەتا ئێستا ئامارێکی ورد و دروست لەسەر کوژراو، بریندار و هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لەبەر دەستدا نییە.