ڕاپۆرتێک لەسەر "محەممەد سەلەحشوور"، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ

11:51 - 25 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕ لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێراندایە.

"محەممەد (عیسمەت) سەلەحشوور" تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی "خۆرشید"، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٦دا بە تۆمەتی "ئەندامبوون و پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ساڵی ٩٧، پاش ٤٨ رۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش چەند ڕۆژ لە گواستنەوەی بۆ زیندانی ورمێ، لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفی زادە"، بە ٨ ساڵ و سێ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکوچۆڵ" بە دوو ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "هەڵاتن لە سەربازیی زۆرەملێ" بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری، مەحکووم کرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "دوو ساڵ لە ماوەی زیندانیی تەعزیریی ئەو زیندانییە سیاسییە کە پەیوەندیی بە هەڵگرتنی چەکوچۆڵەوە هەبوو، بەخشراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی، ئەو زیندانییە سیاسییە، پاش ١٠ مانگ لە گرتووخانە، بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتنی یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی سپای پاسداران"، بۆ گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاگوێزرا و لە دوو قۆناغدا بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ و ٦٣ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا بووە و پاش نەسەلماندنی ئەو تۆمەتە، گەڕێندرایەوە بۆ زیندان.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تووشی کێشەی بنەماڵەیی زۆر بووە و هەروەها لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکاندایە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، خێزاندار و خەڵکی گوندی "فلکانـ"ـی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێیە.