ڕاپۆرتێک لە سەر بارودۆخی نالەباری زیندانی شەیبانی ئەهواز

15:11 - 13 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: زیندانییانی زیندانی شەیبان لە شاری ئەهواز، لەگەڵ بارودۆخی نالەباری بێهداشتی و کەمی ئیمکانات بەرەوڕوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییانی سیاسی لە زیندانی شەیبانی شاری ئەهواز، باس لە کەمی ئیمکانات لە ناو زیندان دەکەن، کە لەگەڵ گوێ پێنەدانی بەرپرسانی حکوومەتی بەڕوو دەبنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو زیندانە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: زیندانی شەیبان لە بارودۆخی زۆر خراپی بێهداشتی و ئیمکاناتی ئاسایش و خەدەماتیی بەرەوڕووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بنەماڵەکان لەو زیندانە زۆر سەختە و تەنیا لە پشت شووشەکان و لە ڕیگای تەلەفۆنەوە ڕوو دەدات، کە سەرەڕای دزینی دەنگ لە لایەن مەئموورانەوە، لە زۆربەی کاتەکان ئەو تەلەفۆنانە خراپن و زیندانییەکان لە کاتی پەیوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەبنەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: بەندی ١، سالۆنی ٧ی ئەم زیندانە تایبەتە بە زیندانییانی سیاسی، ئەمنییەتیی و چالاکانی سونی مەزهەب، کە زیندانییەکان لە بوونی کتێب و نامیلکە، ڕۆژنامە و کەرەستەی بارهێنان بێبەرین.

یەکێک لە زیندانییانی سیاسی زیندانی شەیبان لە پەیوەندیی لەگەڵ بارودۆخی نەشیاوی ئەو زیندانە دەڵێت: \"زیندانی شەیبان بۆ زیندانییەکی سیاسی وەکوو \"مەرگی سپی\" وایە، زیندانیی لە نێوان چوار دیوارە و بێبەرە لە مافی هاووڵاتیی گەمارۆ دراوە\".

ناوبراوە هەروەها دەڵێت: \"زیندانی شەیبان وەکوو دوورخراوەیەک بە ئەژمار دێت، زیندانییانی دوورخراوە بۆ چەندین جار بە هۆی بارودۆخ و کێشە جۆراوجۆری زیندان، داوای گواستنەوەیان بۆ شارەکانی دیکە کردووە، بەڵام لە سەر داواکارییەکان ڕەزامەندی پێشان نەدراوە\".

ئەو زیندانییە سیاسییە پێداگری دەکات و دەڵێت: \"بە شێوەی گشتی ئەوەیکە لە زیندان ڕوو دەدات، پێچەوانیە ئایین‌نامەی زیندانەکانی ئێرانە\".

زیندانی شەیبان هەنووکە بووەتە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە و لە ٢٥ کیلۆمێتری جاددەی مەلاسی_ئەهواز هەڵکەوتووە. ئەو گرتووخانە ٢٠٠٠ هەزار کەسی تێدا جێ دەبێتەوە و لە حاڵی حازر و پاش داخرانی زیندانی کاروون، ٤ هەزار و ٥٠٠ زیندانیی تێدایە کە لە سەدا ٩٠ کەسیان هاووڵاتییانی عەرەب پێکێ دێنن، کە چاوەڕوانی تەواو کردنی ماوەی حوکمەکەیانن.