ڕاپۆرت/ حکوومەتی نیزامی و پچڕانی ئینتێرنێت پاش ناڕەزایەتییەکانی کوردستان

11:45 - 26 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: پاش توندبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان و تێکەڵچوونی هێزە نیزامییەکان لەگەڵ هاووڵاتییانی ناڕازی، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، ئامادەباشن و لەو پەیوەندییەدا هێڵی ئینتێرنێت پچڕاوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە نێدراوانە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە شارەکانی کوردستان، حکوومەتی ئێران لە شارەکانی کوردستاندا حکوومەتی نیزامیی ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی "دژە شۆڕش" و "گاردی تایبەت" لە شارەکانی کوردستاندا جێگیر کراون و هاتوچۆی هاووڵاتییانیان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "هێزەکانی دژە شۆڕش پێش بە کۆبوونەوەی زیاتر لە چوار کەسیی هاووڵاتییان دەگرن. پاش توندتربوونی ناڕەزایەتییەکان لە دوانێوەڕی ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، ئینتێرنێت لە شارەکانی کوردستان پچراوە و حکوومەتی ئێران لە هەوڵدایە کە بە بڕینی ڕێگاکانی پەیوەندی، بەر بە توندتربوونی ناڕەزایەتییەکان بگرێت".

ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە شارەکانی کرماشان، سنە، مەریوان و جوانڕۆ، لەهەمبەر گرانبوونی بێنزین بەڕێوەچوو و چەندین هاووڵاتیی ناڕازی لە ئەنجامی تەقەی مەئموورانی حکوومەت گیانیان لەدەست دا و دەیان کەسیش بریندار بوون.

هەتا ئێستا بەهۆی نەبوونی میدیای ئازاد، سەرکوت و خەفەقانی بەربڵاو لە کوردستاندا، ئامارێکی ورد و دروست لە ژمارەی ناڕازییانی کوژراو و بریندار لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی "کاوە محەممەدی" خەڵکی شاری جوانڕۆ و دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "مێهران تاک و عوسمان نادری" خەڵکی شاری مەریوان، بە تەقەی مەئموورانی حکوومەت گیانیان لەدەست دا.

هەروەها لە مەریوان مێرمنداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵە بە ناوی "هیوا نادری" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بەسەختی بریندار بووە.

مەئموورانی حکوومەت لە شارەکانی کرماشان، سنە، مەریوان  و جوانڕۆ، بۆ بڵاوەپێکردنی هاووڵاتییانی ناڕازی، لە گازی فرمێسکڕێژ کەڵکیان وەرگرتووە و هاووڵاتییانی ناڕازییان کردووەتە ئامانجی گولـلەی ڕاستەوخۆ.

پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لە کوردستان، ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بۆ ناساندن  و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، دەستیان بە ڕێکخستنی کاناڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام کردووە.