چەند ئەندامی سپای پاسداران لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا لە سەوڵاوا کوژران و بریندار بوون

12:02 - 26 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕ شەڕ و تێکهەڵچوونێک لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و  گرووپێکی چەکداری نەناسراو لە گوندی "بڵبەر" سەر بە سەوڵاوا ڕووی دا.

لەو شەڕەدا دوو ئەندامی سپای پاسداران بە ناوەکانی "جەماڵ کەریمی" فەرماندەی بەسیجی ناوچەی هەورامان و "محەممەد کەرەمی" کوژراون و ئەندامێکی دیکەی سپای پاسداران بە ناوی "محەممەد مورادی" بریندار کراوە.

قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک ئەو شەڕەی پشتراست کردووەتەوە و خستوویەتە ئەستۆی حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران.

هەتا ئێستا هیچ کام لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران ئەو شەڕەیان وەئەستۆ نەگرتووە.