چەند چالاکێکی سیاسیی کورد رەوانەی زیندان کران/ کورتە راپۆرتێک لەسەر دۆخی زیندانی مەهاباد

15:37 - 3 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لەچالاکانی سیاسیی کورد بەمەبەستی تێپەڕاندنی حوکمەکانیان رەوانەی گرتووخانەی ناوەندی شاری مەهاباد کراون.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەشاری مەهاباد، لە چەند رۆژی رابردوودا چالاکێکی سیاسیی بە ناوی ناسر بێهجەتی، بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمی ١٨ مانگ زیندان، رەوانەی گرتووخانەی ناوەندی مەهاباد کراوە.

ناسر بێهجەتی خەڵکی شاری مەهابادەو لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٠دا هاوڕێ‌لەگەڵ ١٩ هاووڵاتیی دیکەی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر سەرجەمیان بە ٦٧ ساڵ زیندان حوکم دران.

ئەمە لەحاڵێکدهیە کە ناسر بێهجەتی نزیک بە دوو ساڵ لەمەوبەر و ماوەیەک دوای دەستبەسەرکرانەکەی بە دانانی بارمتەو بەشێوەی کاتی ئازاد کرا، ناوبراو لەم چەند رۆژەی رابردوودا بە مەبەستی تێپەڕاندنی ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری رەوانەی گرتووخانە کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە \"هاوکاری و ئەندامیەتیی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" مەحکووم کراوە.

هەواڵنێری کوردپا لەدرێژەدا ئەوەشی خستە روو، چالاکێکی دیکەی سیاسی کورد بەناوی عومەر پیرنیا لەگرتووخانەی مەهاباد دایە و ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو هاووڵاتیە خەڵکی شاری پیرانشارە و بەتاوانی \"سیخوڕی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل\" دەستبەسەر کراوە و لەحاڵی حازردا سەرقاڵی تێپەڕاندنی حوکمەکەی لە گرتووخانەی شاری مەهابادە.

خالید قادرپوور هاووڵاتییەکەی دیکەی کوردە کە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و رەوانەی گرتووخانەی ناوەندی مەهاباد کراوە.

خالید سەرەتای مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٨٩‌ی هەتاوی لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکە بەناوەکانی رەشید مام قادری، فەرهاد سەید ئەحمەدی، جەماڵ محەممەدی موقەدەس و مەحموود هورموزئاباد دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بەتاوانی لایەنگری لە حیزبە کوردییەکان مەحکووم کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەحاڵی حازردا ٢٨ زیندانی سیاسیی کورد لەگرتووخانەی شاری مەهاباد دان و دادوەری دۆسیەکانیان لەگەڵ سەرجەم داواکاریی ئەو دەستبەسەرکراوانە دژایەتی کردووە.

لەچەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێک لە گوشار و دەستبەسەرکرانی چالاکانی سیاسی کورد دەستی پێکردووە و ئەو رەوتە دژایەتیی لەگەڵ قسەکانی حەسەن روحانی لە بانگەشە هەڵبژاردنییەکانیدا هەیە و دەوترێت ئازادی ٨٠ زیندانی سیاسیش لەئێران لەسەر بڕیاری عەلی خامنەیی رێبەری حکوومەتی ئێران بووە و رۆحانی هیچ رۆڵێکی تێدا نەبووە.