چەند وردەکاریی لەسەر چۆنیەتیی و بەڕێوەچوونی کۆنگرەی نەتەوەیی + وتووێـژ

00:25 - 30 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بە بەشداریی ٩٠٠ کەسایەتیی سیاسی، فەرهەنگی و میوانانی بیانی لە کۆتایی مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت.

پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ بەسەر یەکەم دانیشتنی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، ئەمرۆ لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، رۆژانی ٢٤،٢٥،٢٦ی مانگی خەرمانانی ئەمساڵی بۆ کاتی بەرێوەبردنی کۆنگرەی نەتەوەیی دیاری کرد.

یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتوەیی کورد لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو کۆنگرەیە بە بەشداریی ٦٠٠ ئەندامی ئەسڵی و ٣٠٠ میوانی بیانی لە یەکیەتیی ئوروپا، یەکیەتیی وڵاتانی ئەرەب، ئامریکا و ئوسترالیا لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، دەست بەکارەکانی خۆی دەکات.

\"14772.jpg\"
غەفوور مەخمووری ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتانی تورکیە، ئێران، ئێراق و بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی سووریە کەلە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی ناسراون، هاوڕێ لەگەڵ باڵوێزی وڵاتی سووریە لە کۆنگرەکەدا ئامادە دەبن.

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بەشداریی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە بوونیان لە کۆنگرەکەدا بە چ شێوەیەک دەبێت، رایگەیاند، نوینەرانی ٤ وڵاتی ئێــران، ئێـــراق، تورکیە و سووریە بانگهێشتی کۆنگرە کراون و تەنیا لە رێوڕەسمی کرانەوەی کۆنگرەکەدا بەشدار دەبن.

ئەو ئەندامەی لێژنەی ئەمادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی باسی لەوەش کرد، کۆنگرەکە بەشێوەی سەرۆکایەتیی هەیئەتێک کارەکانی رادەپەرێنێت و بەپێی پێشنیاری لێژنەی سیاسیی کۆمیتەی ئامادەکار، کۆنگرە دەبێ ببێتە دامەزراوەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و هاوکات وەک ئەنجومەنێکی هەمیشەیی بمێنێتەوەو کار بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارات و راسپاردەکانی کۆنگرە بکات.

لەلایەکی دیکەوە نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران سەبارەت بە ئامادەبوونی وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بەتایبەت حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران، رایگەیاند: \"بانگهێشتی ئەو وڵاتانە لە ئەستۆی هەرێمی کوردستانە و لێژنەی ئامادەکار لەو پەویوەندییەدا بەرپرسیار نییە\".

لە نێوان حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتدا هەر یەک لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێریی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) بە نوێنەرایەتیی کوردستانی رۆژهەڵات لە کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەییدا بوونیان هەیە.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات سەبارەت بە بەشداریی رەوت و رێکخراوەکانی نێوخۆی کوردستانی رۆژهەڵات و لێدوانی \"بەهرام وەلەدە بەیگی\" بەرپرسی ئەنستیتۆی فەرهەنگیی کوردستان لە تاران لەگەڵ رۆژنامەی \"رووداو\" کە داوای لە حەسەن رۆحانی کردبوو هاوڕێ لەگەڵ شاندی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ئێران بەشداریی کۆنگرەی نەتەوەیی بکات، گوتی: \" بانگهێشتی سەرجەم کەسایەتی و لایەنەکان لە کوردستانی رۆژهەڵات بە ئاگاداری و لە رێگەی ئەو ٥ ئەندامەی لێژەی ئامادەکاری کۆنگرەوە دەبێت و هەتا ئێستاش هێچکام لە کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگییەکانی نێوخۆ بۆ بەشداری لەو کۆنگرەیەدا بانگهێشت نەکراون.

\"14773.jpg\"
حەسەن شەرەفی لە دێژەدا باسی لەوەش کرد، کە بانگهێشتی ٣٠٠ میوانی بیانی بۆ کۆنگرە بەسەر ئەو ٤ بەشەی کودستاندا دابەش نەکراون، بەڵکوو هەر بەشێک لە کوردستان کە لە وڵاتانی دەرەوە دۆست و لایەنگری هەیە بە لێژنەی دەناسێت و لە نێوان ئەو کەسانەدا ٣٠٠ کەسیان وەک میوان دیاری و بانگهێشت دەکرێــن.

لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرە لە ٢١ ئەندام پێکهاتووە و لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا ٥ حیزبی سیاسی ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکار بوون.

هەروەها لە کۆی ئەو ٦٠٠ ئەندامەی کۆنگرە ١٠%ی بۆ لاوان، ١٠% بۆ کەسایەتییە سەربەخۆکان، ٣٥% بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی و هەروەها ٤٥%یش بۆ حیزبە سیاسییەکان تەرخان کراوە و پێویستە هەر ٤ بەشی کوردستان ٤٠%ی ئەندامەکانیان لە ژنان پێک بێنن.

کۆنگرەی نەتەوەیی لە ٨ کۆمیسیۆنی ئەسڵی پێکهاتووەومیوانانی کۆنگرەکەش لە \"لێکۆڵەرانی مێــژوو، ئەدەبیات، فەرهەنگی کوردستان و پارێزەرانی مافی کوردان و لایەنگرانی چارەسەر کردنی پرسی کورد لە رێگەی ئاشتیانەوە، دەبن.

شارەزایان و چاوەدێرانی کاروباری سیاسیی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەن، بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە بۆ کورد دەستکەوتێکی مەزن دەبێت و بە وتەی کارناسێکی سیاسیی تورکیە، کوردەکان لەماوەی سەدەکانی رابردوودا تووشی چەند دەستەیی و دووبەرەکی بوون، بەڵام ئێستا کوردەکان یەکیان گرتووە و بە پێچەوانە دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا تووشی کێشە و ململانێی سیاسی بوون.