چوار هاووڵاتیی کورد پاش بانگهێشتکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو دەسبەسەر کران

18:57 - 3 خەرمانان 2720

ڕۆژی شەممە ١ی خەرمانان، مامۆستا "عەبدولکەریم تاران"، پێشنوێژی هەینیی گوندی "برایم‌ ئاباد"ی شاری میاندواو، لەگەڵ "خالق بەرجستە، کامران توان و سلێمان زەند"، لە ئەندامانی شورای ئەو گوندە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و دەسبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی میاوندواو ئەو چوار هاووڵاتییەی بەهۆی چالاکیی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، لە گوندی برایم‌ ئاباد بانگهێشت کردوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "پێشتر، پێشنوێژی هەینیی گوندی برایم ‌ئاباد و ئەندامانی شورای ئەو گوندە بەبۆنەی چالاکیی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لەو گوندە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو کرابوون و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرابوون".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "چارەنووسی ئەو چوار هاووڵاتییە پاش بانگهێشتکردنیان ناڕوونە و بەدواداچوونی بنەماڵە و نزیکانی ئەوان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسیان بێئاکام ماوەتەوە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.