چوار هاووڵاتیی بەلووچ بە تەقەی ‌هێزە حکوومەتییەکان کوژران

21:33 - 15 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: تەقەی هێزەکانی حکوومەتی ئێران لە ماشینی یەکێک لە هاووڵاتییانی زاهیدانی، چوار کوژراوی لێکەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان، بە تەقەی هێزەکانی یەگانی ئیمداد لە ماشینی یەکێک لە هاووڵاتییانی خەڵکی زاهیدان و پێکدادانی ماشێنی جۆری تۆیۆتای ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ ماشینێکی پێژۆ، چوار هاووڵاتیی لەو ڕووداوەدا کوژران.

ئەو ڕووداوە لە ناوچەی کەمەربەندیی زاهیدان لە کاتی تەقەکردن لە ماشینی هاووڵاتییەک لەگەڵ پێژویەک ڕوویداوە.

تەقەی ‌هێزەکانی حکوومەتی ئێران لە هاووڵاتییانی بەلووچی بووەتە هۆی ڕابواردن و سەیران بۆ هێزەکانی حکوومەتی و هیچ لایەنێکی پەیوەندییدار وڵامدەری ئەو تاوانانە نین و سکاڵای خەڵکی خۆجێی لەو بارەوە بەدواچوونی بۆ ناکرێت.

پێشێلکردنی یاسا و گوێ پێنەدان بە سکاڵایی هاووڵاتییانی بەلووچ لە لایەن دەزگای قەزایی و ناوەندە نیزامییەکان، بووەتە هۆی ئەوەیکە هێزە نیزامییەکان دەستیان لە کوشتنی هاووڵاتییانی بەلووچ ئاوەڵاتر بێت.

زیاتر لە سێ دەیەیە کە هاووڵاتییانی بەلووچی لەژێر ناوی جۆراوجۆر لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەکوژرێن و ئێعدام دەکرێن و ئاماری کوژاوی تۆمەت وەپاڵدراوان بە ماددەی سڕکەر و کۆڵبەرانی بەلووچ زۆرترین ئامار لە پارێزگای سیستان و بلووچستانی بە خۆی تەرخان کردووە.