چوار زیندانی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لەسێدارە دران

11:18 - 25 سەرماوەز 2721

ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەز، حوکمی لەسێدارەدانی چوار زیندانی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە زینداندا بوون، جێبەجێ کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، شوناسی سێ کەس لەو چوار کەسەی بە ناوەکانی "حامید مووسەوی، کوورش مەزاهیری و داوود" ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ڕۆژی شەممە ئەو چوار زیندانییە لە بەندە جیاوازەکانی زیندانی ڕەجایی کەرەج، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.

جێبەجێکردنی حوکمی ئەو چوار زیندانییە لە حاڵێکدایە کە هەتا ئێستا لەلایەن میدیاکانی حکوومەت یان سەرچاوەی فەرمییەوە ڕانەگەیەندراوە.

 ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هەروەها نووسیوویەتی: "لە ٢٦٧ کەس ئێعدامی کە لە ساڵی ٢٠٢٠ حوکمەکەیان لە ئێران جێبەجێ کراوە، لانیکەم ٢١١ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بووە".