چالاكێكی سیاسی لە بانە بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت

12:47 - 29 رێبەندان 2711
كوردپا: بورهان غەسالی چالاكی سیاسی و ئەندامی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لە شاری بانە بەهۆی زەخت و گوشاری ئەمنیەتی بە ناچاری وڵاتی ئێرانی بەجێهێشت.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا پێوەندیی بە بورهان غەسالیەوە كرد و ئەو چالاكە سیاسییە هەواڵی بە جێهێشتنی وڵاتی پژراست كردەوە.

ئەو چالاكە سیاسیە وتی: لە پاش خوێندنەوەی شێعر وئاخاوتن لەسەر كەسایەتیی ئیبراهیم یوونسی لە رێوڕەسمی بە خاك سپاردنی ئەو نووسەرە كوردە لە شاری بانە خرامە ژێر چاوەدێری هێزە ئیتلاعاتییەكان و بە ناچاری رێگای هەندەرانم گرتە بەر.

غەسالی پێشترێش چەندین جار بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بانگهێشت كراوە.
ئەو هاووڵاتییە كوردە لە ساڵی 1382دا بە تاوانی چالاكیی سیاسی لەلایەن دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە 2 ساڵ زیندان حوكم دراوە.

ئەو چالاكە سیاسییە پێشتریش لە ساڵی 1370دا بە 30 ساڵ دوور خستنەوە بۆ كرمان حوكم درابوو و دوای 12 ساڵ ئیزنی گەڕانەوەی بۆ شاری بانە پێدرا.

بورهان غەسالی بۆ جارێكی تر لە ساڵی 1386دا بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێران ماوەی 2 مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا دەستبەسەر بووە و دواتریش 2 ساڵ حوكمی هەڵپەسێراوی بۆ بڕایەوە.