چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت

20:40 - 25 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کردپا: \"سەعد ئەیوبی\" کوڕی سەعید و خەڵکی بۆکان بەهۆی زەخت و گوشاری دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی حکوومتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت.

سەعد ئەیوبی چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، کە چەند شەو پێش ئێستا هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوایان لێکردووم کە خۆم بە ئیدارەی ئیتلاعات بناسێنم، بەڵام لەبەر ئەوەیکە هەستم بە مەترسیی دەستبەسەر کردن کرد لە ناساندن بەو ئیدارەیە خۆم بوارد و ماوەی چەندین رٶژ لە گوندەکانی دەوروبەری بۆکان خۆم شاردەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە باسی لەوەش کرد کە چەند رۆژ پێش ئێستا هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی دەستبەسەر کردنم چوونەتە ماڵی ئێمە و لەبەر ئەوەیکە من لە ماڵەوە نەبووم بە توندی هەڕەشەیان لە بنەماڵەکم کردبوو و داوایان لێکردبوون کە شوێنی من ئاشکرا بکەن.

سەعد ئەیوبی رێکەوتی ٢٩ی سەماوەزی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر و پاش ٢ رۆژ لێپرسینەوە، ئازاد کرابوو.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین چالاکی خوێندکاریی و فەرهەنگیی ناسراوی وەک: عەباس کاکایی، دیاکۆ خەیات شاهۆ و نیشتمان حوسێنی، حەسەن مەلاک و لوقمان کۆخا بە هۆی هەڕەشە و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ناچاری وڵاتیان بەجێهێشتووە.